بەپەلە

سوپای پاسداران: کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدان

- 5/23/2019 8:12:00 AM 5535 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کەنداو لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەواندان و بەهیچ جۆرێک مایەی مەترسی نین.

عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەمیانی رێوڕەسمێکدا بۆ یادی فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "ئەو کەشتییە جەنگییانەی ئەمریکا ئێستا لە کەندوان، لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەرتەش و سوپای پاسدارانن و جێگەی هیچ نیگەرانییەک نییە".
سەردەمانێک 327 کەشتی جەنگی ئەمریکا لە کەنداو بون

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا کەمترین ژمارەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە کەنداون، سەردەمانێک 327 کەشتی جەنگی ئەمریکا لە کەنداو بون، سەربازانی ئێمە نەک تەنیا ترسیان نەبو بەڵکو هەنگاوەکانیان بوە هۆی ئەوەی دوژمن بەهەموو ئەو توانایەی هەیبوو کەوتبوە حاڵەتی ترس و تۆقان".

دوو هەفتە لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و چەندین فڕۆکەی ( B-52) و موشەکی پاتریۆتی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، ئامانج لە رەوانەکردنی ئەو کەرەستە سەربازییانەش وەک سەرۆکی ئەمریکا وتی، بۆ "روبەروبونەوەی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران"ە. 
باکوری گەروی هورمۆز لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدایە و دەبێت ئەمریکا مۆڵەت لە ئێمە وەربگریت بۆ هاتوچۆکردن بەو ڕێڕەوەدا

 

جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت، "باکوری گەروی هورمۆز لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدایە و دەبێت ئەمریکا مۆڵەت لە ئێمە وەربگریت بۆ هاتوچۆکردن بەو ڕێڕەوەدا، بەهیچ شێوەیەک ناتوانن نزیکی کەناراوەکانی ئێمە ببنەوە".

پێشتریش حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبو، ئەوەی ئێستا ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیکات تەنها جەنگێکی دەرونیە، چونکە ئاڵوگۆڕپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا شتێکی ئاساییە و لەماوەی رابردوشدا ئەو وڵاتە ئەو جموجوڵانەی هەبوە.

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP