گۆڕان لەبارەی رێکەوتنی دەباشانەوە وەڵامی یەکێتی دەداتەوە

- 5/22/2019 11:06:00 PM 15753 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، تا یەکێتی داواکارییەکانی گۆڕان جێبەجێ نەکات،  بەتایبەت لەسەر رێکەوتنی خۆجێتی پارێزگاکان گۆڕان ئامادەنییە لەگەڵ یەکێتی دابنیشێت.

ئەمڕۆ سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایه‌تی یه‌كێتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، بۆ رێككه‌وتن قسه‌یان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردوه‌، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامیانن، دەشڵێت، رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ "هاوسه‌نگی هێز زۆر به‌سوده‌".

لەو بارەیەوە ئاوات شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، گۆڕان دەمێکە هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو رێکەوتنانە دەربڕیوە و کۆتا رێکەوتنی نێوان ئێمە و یەکێتی بەشێکی زۆری جێبەجێنەکراوە، چەند خاڵێکی زۆری رێکەوتنەکە وەک خۆی ماوەتەوە و هەمو ئەمانە بە نەتیجە وایانکرد گۆڕان، رێکەوتنەکە هەڵپەسێرێت.

تا یەکێتی داواکارییەکانی گۆڕان جێبەجێ نەکات دانیشتن ئەنجامنادرێت

 

دەشڵێت: "ئەوەندەی من ئاگاداربم هیچ موبادەرەی فەرمی و تازە نییە، ئەوەی کە من بزانم هەرکات یەکێتی هەستا بە زەمینەسازکردن و جێبەجێکردنی باقی بڕگەکانی رێکەوتنەکە بەتایبەت لەسەر حکومەتی خۆجێتی ئەوکات مەجالی مفاوەزات دەستپێدەکاتەوە".

 

باسیلەوەشکرد، "من ئاگاداری هیچ شتێک نیم بەڵام ماوەیەکە لێرەو لەوێ هەندێک شت دەبیستم کە باس لە رێکەوتن دەکرێت، بەڵام ئەسڵ و ئەساسی نییە و لە نێوانماندا هیج شتێک نییە، تا یەکێتی ئەو داواکاریانەی کە گۆڕان کردویەتی جێبەجێی نەکات بە تایبەت لەسەر رێکەوتنی خۆجێتی، دانیشتن ئەنجامنادرێت".

لای خۆشیەوە، هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، "باسکردن لە رێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ چەواشەکردنی هەندێک رێکەوتنی ترە، یاخود بۆ شێواندنی کۆمەڵێک رێکەوتنی ترە، ئەگەر نا ئێمە لە ناخەوە حەزمان لە رێکەوتننامەی دەباشان جێبەجێبکرێت، لەبەرئەوەی تەواوی خاڵەکانی خزمەت بە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات".

دەشڵێت:"ئێمە بە پراکتیکی هیچمان نەبینیوە، ئێستاش لەبەرئەوەی ئێمە رێکەوتنێکی سیاسیمان هەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، پێم وایە لە ئێستادا هەر رێکەوتنێک بکرێت لە نێوان گۆڕان و هەر لایەنێکی دیکەدا لەژێر چەتری ئەو رێککەوتنە دەبێت کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە".

"کاتێک لەسەرەتاوە رێکەوتننامەی دەباشانمان جێبەجێکرد رێز لەم رێککەوتنە دەگرین لەبەرئەوەی تەواوی خاڵەکان خزمەت بە خەڵکی کوردستان دەکات، بەڵام بە قسەکردن هەر ئەندامێکیان قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات لە ئەسڵدا بونی نییە، تەنها قسەکردنە و بۆ میدیاکان بەم شێوازە قسە دەکرێت". هێمن شێخانی وادەڵێت.

دەبێت یەکێتی نیاز پاکی خۆی بسەلمێنێت و ئینجا داوای جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتننامەیە بکات

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی دەشڵێت: دەبێت یەکێتی نیاز پاکی خۆی بسەلمێنێت و ئینجا داوای جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتننامەیە بکات.

سەبارەت بەوەی کە بە چ شێوازێک نیاز پاکی خۆی بسەلمێنێت وتیشی: تا ئێستاش بەشێک لە هەڵسوڕاوەکانی ئێمە لە دەزگا حکومی و سەربازییەکاندا بە فەرمانی سەرکردە باڵادەست ڕۆیشتوەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سزادەدرێن، جا چۆن یەکێت دێت داوای رێکەوتنمان لێدەکات".

دەشڵێت، دەبێت سەرەتا بە کردار بیسەلمێنێت و ئەو کەسانەی سزای داون بیانگەڕێنێتەوە سەرکارەکانی خۆیان و بۆئەوەی ئەوانیش دڵنیا بن کە راستگۆیانە دێنە پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتننامەکە، ئەگەر نا رێکەوتننامەی دەباشان لای ئێمە پیرۆزە".

باسیلەوەشکرد: دەرگای گردەکە کراوەیە بۆ ئەو کەسانەی کە نیەتیان پاکە نەک هەندێک لایەنی سیاسی کە دەتوانن ئەو حەرەکەیە بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، تەواوی ئەو قسانەش رەتدەکەینەوە کە باس لە رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی و یان هەر لایەنێکی دیکە دەکەن لەگەڵ گۆڕاندا.


نیشانەکردن :

#گۆڕان #یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP