بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێم هەلی کار بۆ چێشتلێنەران رادەگەیەنێت

- 5/22/2019 8:04:00 PM 3752 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێم لە ئاگادارییەکدا داوا لەو کەسانە دەکات کە پیشەیان چێشتلێنەرە و ئارەزوی سەفەری حەج دەکەن وەک سەرپەرشتیاری پرۆسەی خواردنی حاجییان داواکاری پێشکەش بکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە" ئەو کەسانەی کە پیشەیان چێشتلێنەرە لەسنوری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارەی گەرمیان دەیانەوێت سەفەری حەج بکەن وەک سەرپەرشتیاری پرۆسەی خواردنی حاجیان لەوەرزی حەجی ئەمساڵ 2019 داواکاری پێشکەشی حەجی سنوری پارێزگاکەی خۆیان بکه‌ن.

لە ئاگاداریەکەشدا هاتوە، لەڕۆژی شەممەوه‌ ڕێكه‌وتی 2019/5/25 بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ  هاوڵاتیان دەتوانن ناویان بنوسن، تا لە سنووری ھەر بەرێوەبەراتییەک بەئالیەتێکی گونجاو کەسێک دەستنیشان بکرێت بەپێ ئەم مەرجانەی خوارەوە:

١- پیشەی سەرەکی ناوبراو بەگوێرەی ناسنامەی کارکردن چێشتلێنەر بێت.

٢- مۆڵەتی تەندروستی لەفەرمانگەی تایبەتی تەندروستی ھەبێت کەناوبراو رێگەپێدراو بێت بۆ ئەو کارەی ئەنجامی دەدات.

٣- لەڕووی جەستەیی ھیچ گرفتێکی نەبێت.

٤- تێچووی سەفەری حەج  كه‌ ( 4200$ ) چوار هه‌زار و دو سه‌د دۆلاره‌ لەئەستۆی خۆی دەبێت.

٥- لەھەرێمی کوردستان و وڵاتی عەرەبستانی سعودیە پابەندی تەواوی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە و لیژنەی سەرپەرشتیکردنی خواردن، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێننامە واژۆ دەکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP