هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئەمریکا: ئەگەری دوبارە بەکارهێنانەوە چەکی کیمیایی لە سوریا هەیە

- 5/22/2019 7:44:00 PM 870 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، پێدەچێت رژێمی سوریا دوبارە پەنا بباتەوە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا، ئاماژەش بە "بونی چەند بەڵگەیەک" دەکات کە دەیسەلمێنێت لە چەند رۆژی رابردودا چەکی کلۆراین بەکارهاتوە لە باکوری رۆژئاوای سوریا.

بەگوێرەی چەند زانیاری و بەڵگەیەک کە دەست ئیدارەکەی ترەمپ کەوتوە، رۆژی یەکشەممەی رابردو  لە دژی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا  چەکی کیمیایی بەکارهاتوە  لە ئیدلیب، کە دوا مۆڵگەی ئەو هێزانەیە لە سوریا.

مۆرگان ئۆرتاگوس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی" بەداخەوە بەبەردەوامی نیشانەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەبینین لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، نوێترینیشیان بونی چەند بەڵگەیەکە لە بەکارهێنانی چەکی کلۆراین لە ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا".

"ئەو هەنگاوەی رژێمی ئەسەد پێشێلی ئەو ئاگربەستەیە کە پێشتر لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بۆ ناوچەی ئیدلیب دانراوە" ئۆرتاهوس وای وت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لە دوبارە بەکارهێنانیەوەی چەکی کیمیایی لە سوریا و وتی"ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و گونجاویان دەبێت بۆ ئەو هەنگاوەی رژێمی ئەسەد".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP