نەجمەدین کەریم ئازادکرا

- 5/22/2019 6:19:00 PM 40879 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی دوێنی شەو نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك لە فرۆكەخانەی بەیروت دەستگیركرا، ئەمڕۆ  ئازادکرا.

شەوی رابردو چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگریی نافەرمیی بۆ خەندان، رایانگەیاند،  نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك لە فرۆكەخانەی بەیروت دەستگیركراوە.

لایخۆشیەوە، نەشوان جەلال سکرتێری نەجمەدین کەریم، بە خەندان-ی راگەیاند، "بەهیچ جۆرێک دەستگیرنەکراوە، بەڵام کێشەیەکی بچوک هەبوە لە پاسپۆرتەکەیدا، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر پاسپۆرتەکەی لێوەرگیراوە و سەفەرەکەی ترانزێت بوە".

وتیشی" پاسپۆرتەکەی ئەمریکییە سەفەری زۆرکردبو پەڕەکانی تەواوبون، دوای ئەوەی پاسپۆرتی دوەمی بەکارهێنا کێشەیەکی بچوک دروستبو بو، پۆلیسی فڕۆکەخانە کۆپی پاسپۆرتەکەیان بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناردبو، وەڵامدرانەوە بێ کێشەیە و هیچ کێشەیەکی نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ئەو کاتژمێرەدا وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکە، چاوەڕێی کردوە تا کێشەکەی بۆ چارەسەرکراوە، رۆژی یەکشەممە یان دوشەممەی داهاتو دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

شەوی رابردو  چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگریی نافەرمیی بۆ خەندان، رایانگەیاند،  نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك لە فرۆكەخانەی بەیروت دەستگیركراوە.

رۆژی 14/9/2017 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ نەجمەدین كەریم-ی لە پارێزگای كەركوك دورخستەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق داوای لە پەرلەمان كردبو كە دەنگ بدەن لەسەر لەكارخستنی نەجمەدین كەریم لە پۆستەكەی، دوای زیاتر لە مانگێك و لە رۆژی چوارشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2017 فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری پێشوی عیراق لەسەرکارلادانی نەجمەدین کەریم-ی لە پۆستی پارێزگاری کەرکوکی پەسەند کردوە.

له‌ 16ى شوباتى 2019 ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كورستان نەجمەدین كەریم-ی لە ریزەكانی حزبەكەی دورخستەوە، ئەوەش لەکاتێکدابو کەپێشترو لە رۆژی 19/1/2019 نەجمەدین کەریم وازهێنانی خۆی لە ئەندامێتی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان راگەیاندو وتی هیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتییەوە نەماوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP