جەنگی ئابوری ئەمریکا-چین بەرەو قۆناغێکی دیکە هەنگاو دەنێت

- 5/22/2019 5:41:00 PM 6099 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ململانێی دو زلهێزە گەورەکەی بواری ئابوری لە جیهاندا، رۆژ لە دوای رۆژ گەشە دەسەنێت و لە ئێستادا بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت.

لەماوەی ڕابردودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشنیازی ئەوەی خستبوەڕو کە، نابێت کۆمپانیا ئەمریکیەکان، هیچ بەرهەمێکی کۆمپانیای "هواوی"چینی، لەسیستم و پەیوەندییەکانیاندا بەکاربهێنن، کەئەمەش وەکو سەرەتای سانسۆرکردن و سزادانی بازرگانی چین سەیردەکرا لەلایەن ئەمریکاوە.

دوابەدوای گۆڕانکارییەکان لەمەڕ جەنگە ئابوورییەکەی دو گەورەترین کارەکتەری ئابوری جیهان (ئەمریکا و چین)، لە پۆستێکی گاڵتەئامێزی تویتەردا  باڵیۆزی چین لە پاکستان (ژاو لیجان) ڕایگەیاند؛ نازانم بۆچی ترەمپ هێندە ڕقی لە کۆمپانیایەکی تایبەتمەندی چینی هەڵگرتوە، لە کاتێکدا کە لۆگۆی کۆمپانیای هواوی وەکو لۆگۆی سێوەکەی کۆمپانیای ئەپڵە بەڵام بە لەتکراوی!. 

لە چەند رۆژی رابردودا کۆمپانیای گوگڵ بڕیاریدا هیچ وەشانێکی نوێ نەنێرێت بۆ بەرهەمەکانی ئەندرۆید، بەتایبەتی بەرهەمەکانی هواوی، کەئەمەش ترسی خستوەتە نێو دڵی ملیۆنان بەکاربەری مۆبایلەکانی هواوی کەئەگەر بێت و ئەم بڕیارە جێبەجێبکرێت، ئەوا جگە لە ئامێرێکی "بێ سود" شتێکی دیکەی لێ چاوەڕێناکرێت.

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان ئاماژەدەکەن بەوەی کە، لەناو سیستمی دامەزراوەکانی حکومەتەکەی ترەمپ، کۆمپانیای هواوی چینی خراوەتە بلاک لیستەوە، لەهەمان کاتدا کۆشکی سپی هانی وڵاتە  ئەوروپیەکانیشی داوە تاوەکو سیستمەکانی پەیوەندی کۆمپانیا چینیەکان بان بکەن.

هاوشانی ئەمریکا، هەریەکە لە، نیوزلەندا و ئوسترالیا، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە کە، بەرهەمەکانی هواوی بان بکەن، بەتایبەت لە تۆڕی نوێی 5G.

هەریەکە لە (بەریتانیا، هندستان و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو)، بڕیاری چونە پاڵ ئەمریکایان نەداوە، بۆ سانسۆر خستنەسەر کۆمپانیا چینیەکانی بواری پەیوەندی.

هەرچی وڵاتانی (ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، فرەنسا، نەمسا و ئیسپانیا)یە، خۆیان بەدورگرتوە لە وەها بڕیارێکی لەو شێوەیە.

ئەم جەنگە ساردەی بواری ئابووری، لەنێوان ئەمریکا و چین، وەها خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە، ئەمریکا هەوڵدەدات چین بخاتە دۆخێکەوە، بۆ واژوکردنی ڕێککەوتننامەی نوێ لەبواری ئابوری و بازرگانیدا، بەتایبەت دوای ئاشکراکردنی (ڕێگەی ئاوریشمی)، کە چین دەبەستێتەوە بە ئەوروپاوە و، بەمەش بازاڕی ئەو وڵاتانە لەژێر ڕکێفی واشنگتۆن دەردەهێنێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP