سەرۆک کۆماری عێراق ئامادەکاری بۆ نێوانگیری ئێران و ئەمریکا کردوە

- 5/22/2019 3:48:00 PM 6287 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 
د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە لایەنە عێراقییەکان کردوە بێلایەنانە رەفتار لەگەل پرسەکانی پەیوەندیدار بەئێران و ئەمریکا بکەن.

بەپێی هەواڵێکی مالپەڕی ئەل عەرەب، پاش ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد وڵاتەکەی بەمەبەستی نێوانگیری شاندێک رەوانەی واشنتن و تاران دەکات، سەرۆک بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئامادەکاری بۆ ئەو نێوانگیرییە کردوە و دیداری لەگەل سەرکردەی لایەنە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق ئەنجامداوە و داوایلێکردون بێلایەنانە لەپرسی ئێران و ئەمریکا رەفتار بکەن.
لەماوەی سێ رۆژی رابردودا لەگەڵ هەریەک سەرۆک وەزیران تەواوی لایەنە عێراقییەکان کۆبوەتەوە

بەپێی زانیارییەکان سەرۆک کۆمار لەماوەی سێ رۆژی رابردودا لەگەڵ هەریەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و فەرماندەی هێزە فەرمی و نافەرمییەکانی عێراق کۆبوەتەوەو پێیڕاگەیاندون پێویستە عێراق بێلایەنانە لەپرسی ئەمریکاو ئێران رەفتاربکەن.

هاوکات، ئەوەش ئاشکراکراوە لەکۆبونەوەکانی سەرۆک کۆمار و لایەنە عێراقییەکان نوێنەرایەتی باڵای ئێران و ئەو فەرماندە سەربازییانە بەشدارییانکردوە کە پێشبینی کاردانەوەیان لێدەکرێت لە ئەگەری ئاڵۆزبونی دۆخەکەدا.

دوێنێ سێشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەدا رایگەیاند وڵاتەکەی بەمەبەستی نێوانگیری ئەمریکاو ئێران شاندێک رەوانەی هەریەک لە واشنتن و تاران دەکات.

نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP