چاودێری بازرگانی سلێمانی: چاودێری نرخ و كوالێتی كاڵاوشمەكەكان دەكرێت

- 5/22/2019 3:32:00 PM 1460 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگەیاند، چاودێری لیژنەکانی چاودێری بازرگانی سلێمانی له‌ ڕوی نرخ و كوالێتی كاڵاوشمەكەكانەوە چاودێری بازاڕ دەکەن و سه‌رپێچیكارانی گرانفرۆشی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی دەکەنەوە.

سالار مسته‌فا، نوێنەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ ڕێی نوێنه‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری بازرگانی، رێگری له‌ به‌رزكردنه‌وه‌‌ی نرخی كاڵاوشمه‌كه‌كان و گرانفرۆشی ده‌كات و هه‌رشوێنێك سه‌رپێچی بكات رێكاریی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته ‌به‌ر.

لەبارەی دیاریكردنی نرخی كاڵاوشمه‌ك له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا سالار مسته‌فا وتی، نرخی مانگەكانی پێشوو كراوە بەبنەمای دیاریكردنی نرخ لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، نرخەكانی هەریەك لە خواردەمەنیەكان وشەكە و گۆشت و چەرەسات و شیرینی و كاڵاو شمەكەكانی تر لەو مانگانەی پێشودا چۆن بووە، پێویستە لە مانگی رەمەزانیشدا هەمان نرخی بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر دوكان و بازرگانێك زانیاری سەر كاڵاوشمەكەكان بگۆڕێت، دەستكاری لیبڵەكانیان بكات و ناوی كاڵایەك بگۆڕێت بۆ كاڵایەكی تری بەناوبانگ، فێڵی بازرگانیە و لە دادگا پەڕاوی یاسایی بۆ دەكرێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP