بەپەلە

"رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ هاوسه‌نگی هێز زۆر به‌سوده‌"
سامان گه‌رمیانی: قسه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان كردوه‌ بۆ رێككه‌وتن

- 5/22/2019 10:42:00 AM 11697 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌ندامێکی سەركردایه‌تی یه‌كێتی رایگەیاند، بۆ رێككه‌وتن قسه‌یان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردوه‌، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامیانن، دەشڵێت، رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ "هاوسه‌نگی هێز زۆر به‌سوده‌".

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ ئه‌و گرژییه‌ی له‌ ڕابردو له‌ نێوان ئێمه‌ و گۆڕان دروست بوه‌ به‌ته‌واوی نه‌مێنێت

 

سامان گه‌رمیانی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی یەکێتی و گۆڕان دەدوێت و دەڵێت، "من پێشتر داوام كردوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی ئاسایی بكرێنه‌وه‌، بێین ئه‌و رێككه‌تنه‌ی كه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و گۆڕان كراوه‌ (ڕێككه‌وتننامه‌ی ده‌باشان) به‌رده‌وامی پێبده‌ین، و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ ئه‌و گرژییه‌ی له‌ ڕابردو له‌ نێوان ئێمه‌ و گۆڕان دروست بوه‌ به‌ته‌واوی نه‌مێنێت".

چه‌ندینجار هه‌وڵمان داوه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان دابنیشین و ڕۆیشتینه‌ لای كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی

 
گه‌رمیانی به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگەیاند، "له‌ رابردودا وه‌ك یه‌كێتی چه‌ندین جار هه‌وڵمان داوه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان دابنیشین، من له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكی خۆمان ڕۆیشتینه‌ لای كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، هه‌وڵماندا به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشین و ئه‌و گرژییه‌ بڕه‌وێنینه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان شته‌كه‌یان دواخست و نه‌كرا تا ئێستا، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی پێمان وایه‌ كه‌ ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌ناوی یه‌ك حیزبدا له‌دایك بوین، زۆر له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكین به‌رده‌وامیش ڕه‌فیقین پێكه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌هێزی هاوڕێیه‌تیمان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئاسانه‌ ڕێككه‌وتن له‌ نێوانمان به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌یان نه‌كرد، ڕه‌نگه‌ یه‌كێتیش كه‌مته‌رخه‌م بوبێت له‌جێ به‌جێ كردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌دا."

داوامان له‌ گۆڕان كردوه‌ و پێمان وایه‌ ده‌بێت به‌رده‌وامی به‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوانمان بده‌ین

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "داوامان له‌ گۆڕان كردوه‌ و پێمان وایه‌ ده‌بێت به‌رده‌وامی به‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوانمان بده‌ین، به‌ڵام چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان-ین هیوادارین گۆڕان وه‌ڵاممان بداته‌وه‌ له‌ ئاستێكی باشدا، ئێمه‌ دو وه‌فدی دانوستانمان هه‌یه‌ له‌نێوان تا ئێستاش ئه‌و دوو وه‌فده‌ ماون به‌س ئه‌وه‌نده‌یه‌ ڕۆژی كۆبونه‌وه‌ ده‌ست نیشان بكرێت."

سامان گه‌رمیانی پێیوایه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز به‌سوده‌ و رایگەیاند، "ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بۆ هاوسه‌نگی هێز زۆر سودی ده‌بێت، جۆرێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و ته‌نانه‌ت بازرگانی سودی ده‌بێت."

دوێنێ سێشەممە عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك، هەڵسوڕاوی باڵای ناڕازی گۆڕان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا باسی له‌ به‌شداریكردنی ماڵی مامجەلال كردبو له‌ پرسه‌ی دوەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بونی گفتوگۆ و په‌یوه‌ندی هه‌روه‌ها هه‌وڵی "ڕێككه‌وتنی ژێر به‌ژێر" له‌ نێوان گۆڕان و یه‌كێتی.

ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌ نێوان ماڵی مام جه‌لال و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بوه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوه‌

 

لەوبارەیەوە گەرمیانی دەڵێت، "ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌نێوان ماڵی مام جه‌لال و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بوه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوه‌ تا ئێستاش هه‌ر هه‌یه‌ وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ش هه‌رهه‌یه‌."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی چۆنه‌ په‌یوه‌ندی له‌ نێوان یه‌كێتی به‌تایبه‌ت ماڵی مام جه‌لال و گۆڕان به‌رده‌وام بوه‌، كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام یه‌كێتی-یان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌ ته‌قه‌كردن له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی گۆڕان و وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا؟، له‌وه‌ڵامدا سامان گه‌رمیانی وتی، "ئه‌وه‌ شتی شه‌خسی بوو، ئێمه‌ شتی شه‌خسی به‌شتی حیزبیه‌وه‌ تێكه‌ڵ ناكه‌ین."

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌زانێت و ئاگادارن ته‌قه‌كردن له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ شتی شه‌خسی بوه‌

 

واته‌ گۆڕان قه‌ناعه‌تی به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ته‌قه‌كردن له‌ وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا شه‌خسی بووه‌؟، گه‌رمیانی ده‌ڵێت، "به‌ڵێ، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌زانێت و ئاگادارن كه‌ ئه‌وه‌ شتی شه‌خسی بووه‌."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئه‌گه‌ر گۆڕان مه‌رجی ئه‌وه‌ دانێت له‌سه‌ر یه‌كێتی كه‌ داوای لێبوردن بكات لێی ئایا یه‌كێتی ئاماده‌ی داوای لێبوردنه‌ له‌ گۆڕان؟، ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رونیکردەوە، "ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ جۆرێك له‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ و كۆتایی پێهاتوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌، ئێستا دۆخێكی تر هاتوەته‌ پێشه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دۆخی ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان و یاسا."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP