ئه‌مریكا: رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د هێرشی نوێی كیمیایی له‌ باكوری سووریا ئه‌نجامداوه‌

- 5/22/2019 10:14:00 AM 632 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگەیاند، بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، سەرۆکی سوریا هێرشی نوێی كیمیایی له‌ خۆرئاوای باكوری سوریا ئه‌نجامداوه‌.

مۆرگان ئۆرتاگوس، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگەیاند، "ئه‌مریكا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی باكوری خۆرئاوای سوریا ده‌كات، كه‌ له‌ لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌روه‌ها چاودێری ئاماژه‌كانی به‌كارهێنانی هێرشی نوێی كیمیایش ده‌كات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "به‌داخه‌وه‌ به‌رده‌وامین له‌ بینینی ئه‌و ئاماژانه‌ی كه‌ نیشانی ده‌ده‌ن رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ره‌نگه‌ دوباره‌ چه‌كی كیمیایی به‌كاربهێنێت، به‌و هێرشه‌شی به‌ غازی كلۆر له‌ 19ی ئایاری 2019دا كرایه‌ سه‌ر باكوری خۆرئاوای سوریا".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتیشی، "به‌رده‌وامین له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د چه‌كی كیمیایی به‌كاربهێنێت ئه‌وا هۆشدارییه‌كانمان دوباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی وه‌ڵامی خێرا و گونجاویان ده‌بێت".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتیشی، "رژێم دەبێت هێرشەکانی رابگرێت بۆسەر کۆمەڵگەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا، ئەمریکا هۆشداریەکی ئەیلولی ٢٠١٨ی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دوپات دەکاتەوە، هەر هێرشێک بۆسەر ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب، ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبات".

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP