سەرۆك پەرلەمانی عێراق بۆ سێ پرسی گرنگ سەردانی ئێران دەكات

- 5/22/2019 12:34:00 AM 3780 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وابڕیارە لە دو رۆژی داهاتودا، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئێران بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، كە لە رۆژی چوارشەممە یاخود پێنج شەممە، محەمەد حەلبوسی سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەی، عەلی لاریجانی، سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئێران كۆدەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئامانجی سەردانەكەی حەلبوسی بۆ سێ بابەتی گرنگ گەڕاندوەتەوە كە خۆی لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات و دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی ئێران و هەروەها پرسی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئەو دو وڵاتە.

ئەم سەردانەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق یەكەمین سەردانی فەرمیە بۆ ئەو وڵاتە لەدوای دەستبەكاربونی، پێشتریش هەریەك لە سەرۆك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانیان كردوە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبونەتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP