بەپێچەوانەی نوسینگەی رۆژنامەوانیەكەی
خەندان هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پشتڕاستدەكاتەوە

- 5/22/2019 12:20:00 AM 131505 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەپێچەوانەی نوسینگەی رۆژنامەوانیەكەی، سەرچاوەیەكی ئەمنی هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم-ی بۆ خەندان پشتڕاستكردوە.

دوای ئەوەی خەندان وەكو یەكەمین دەزگای میدیایی بەپێی هەندێك سەرچاوەی ئەمنی نافەرمی، هەواڵی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوكی لە فرۆكەخانەی بەیروت بڵاوكردەوە، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی نەجمەدین کەریم رایگەیاند كە ئەو هەواڵانە دورن لە راستیەوە.

نوسینگەی رۆژنامەوانی نەجمەدین كەریم رایگەیاندبو،"بەهەموو هاونیشتمانیان لە کوردستان و بە تایبەت شاری کەرکوک ڕادەگەیەنین؛ کە سەرلەبەری ئەو هەواڵە دورە لە ڕاستیەوە و دکتۆر نەجمەدین کەریم، بۆ کاری ئاسایی و دیبلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردوە و هەفتەی داهاتو دەگەڕێتەوە کوردستان".

خەندان وەك دەزگایەكی میدیای لە بەدواداچونەكانی بەردەوام بو، لەو بارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی هەواڵی دەستگیركردنەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند،"لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك لە فرۆكەخانەی بەیروت دەستگیركراوە".

سەرچاوە ئەمنیەكەی خەندان راشیگەیاند، "هۆكاری دەستگیركردنی پەیوەندی بە كۆمەڵێك سكاڵا هەیە كە یەكێك لە داواكان لە دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر پارێزگاری پێشوی كەركوك تۆماركراوە".

سەرچاوەكەی خەندان وتیشی،"لەئێستادا بەرپرسە باڵاكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیان كردوە بەبەرپرسانی باڵای عێراق و لوبنانەوە، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ چۆنیەتی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم.

ئاماژەی بەوەشكرد كە لەئێستا هەرسێ بەرپرسانی باڵای هەرێم و عێراق و لوبنان لەسەر خەتن بۆ ئەوەی داوا یاساییەكەی سڕبكرێت و بەشێوەیەكی سیاسی ئازادبكرێت.

رۆژی 14/9/2017 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ نەجمەدین كەریم-ی لە پارێزگای كەركوك دورخستەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق داوای لە پەرلەمان كردبو كە دەنگ بدەن لەسەر لەكارخستنی نەجمەدین كەریم لە پۆستەكەی، دوای زیاتر لە مانگێك و لە رۆژی چوارشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2017 فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری پێشوی عیراق لەسەرکارلادانی نەجمەدین کەریم-ی لە پۆستی پارێزگاری کەرکوکی پەسەند کردوە.

له‌ 16ى شوباتى 2019 ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كورستان نەجمەدین كەریم-ی لە ریزەكانی حزبەكەی دورخستەوە، ئەوەش لەکاتێکدا بو کە پێشترو رۆژی 19/1/2019 نەجمەدین کەریم وازهێنانی خۆی لە ئەندامێتی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان راگەیاندو وتی هیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتییەوە نەماوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP