نوێنەری UN لە عێراق: مەترسی هەیە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان

- 5/21/2019 10:48:00 PM 5886 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، مەترسی خۆی دەربڕی لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان، وتیشی، گەندەڵی رێگرییەكی گەورەیە لەبەردەم عێراق.

ئەمشەو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تایبەت بە عێراق كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا، تیایدا جینین هینس، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق وتەیەكی پێشكەشكردو لەسەرەتادا باسی دواین سەردانی کرد کە هەوڕێیەتی سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم ساڵح-ی کرد بۆ بیابانەکانی سەماوە بۆ هەڵدانەوەی یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کورد کە لەسەر دەستی سەدام حسێن سەرۆکی رژێمی پێشوی عێراق ئەوتاوانە بەرامبەر نەتەوەکەی ئەنجامدراوە.

سەبارەت بە حکومەتی ئێستای عیراق راشیگەیاند: پێویستە وەزارەتە تەواونەكراوەكانی حكومەتی عێراق پڕبكرێنەوە و خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەشی هاوڵاتیان بكرێت

لەبارەی پرسی شەنگال، هینس رایگەیاند: "بەداخەوە هێشتا ئاسەواری شەڕی داعش لە سەر شەنگال ماوە، بەداخەوە هێشتا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ بەسەر شەنگالدا نەهاتوە و خەڵك بەسەر چیاكاندا دەژین، بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی شەنگالیەكان، سەیركردنی ئەم دۆخە نادادپەروەریەو ئەركی حكومەتی عێراقە هەوڵی یەكلاكەرەوە بدات".

هینس وتیشی، هێشتا داعش لە عێراق بەتەواوی كۆتایی نەهاتوە و مانەوەی لەو وڵاتە كاریگەری خراپ بۆ نەوەكانی داهاتوی عێراق دروست دەكات.

لەبارەی ململانێكی نێوان ئەمریكا و ئێران و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق مەترسی خۆی دەربڕی لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان، وتیشی، گەندەڵی رێگرییەكی گەورەیە لەبەردەم عێراق.

لە کۆتایی وتارەکەیدا نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان جارێکی دیکە باس لە وتەیەکی دکتۆر بەرهەم ساڵح دەکاتەوە کە بەرونی وتویەتی دۆخی عێراق باش نییەو گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP