بەپەلە

ئەمریكا سزاكانی سەر هواوی بەكاتی كەمدەكاتەوە

- 5/21/2019 2:19:00 PM 2397 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو سزاكانی بۆ سەر كۆمپانیای هواوی كەمدەكاتەوە و رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی بە مەبەستی كەمكردنەوەی رێگریەكانە بۆ بەكارهێنەرانی بەرهەمەكانی ئەو كۆمپانیایە.

وەزارەتی بازرگانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، "بە مەبەستی بەردەوامبونی تۆڕەكانی پەیوەندی و نوێكردنەوەی پڕۆگرامەكانی كە لە ئێستادا لە مۆبایلەكانی ئەو كۆمپانیایەدا هەیە، رێگە بە كۆمپانیای هواوی دەدات كەلوپەلی ئەمریكی تایبەت بەو خزمەتگوزاریانە بكڕێت".

ویڵبور رۆس، وەزیری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، "كەمكردنەوەی سزاكان بە ئامانجی پێدانی مۆڵەتە بەو كۆمپانیا و ناوەندانەی مامەڵە بە بەرهەمەكانی هواوی دەكەن تا بتوانن لەو ماوەیەدا جێگرەوە بۆ خۆیان بنیادبنێن".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو مۆڵەتە تا 19ی ئاب-ی ئەمساڵ كاریپێدەكرێت، دوای ئەو سێ مانگە، بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی هواوی لە بەرهەمەكەیدا كردویەتی، سزای راستەوخۆ و درێژخایەن بەسەر تۆڕەكانی پەیوەندی كۆمپانیای هواوی و كارمەندەكانیدا دەسەپێنن.

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئەمریکا، ئەو بڕیارە رێگە بە بەردەوامی بەكارهێنانی بەرهەمەكانی ئێستای هواوی دەدات لە لایەن بەكارهێنەرانیەوە، و تۆڕەكانی تایبەت بە ئینتەرنێتی ئەو كۆمپانیایە لەو ماوە كاتیەدا لەكارناكەوێت.

هاوكات سزاكانی تایبەت بە كڕینی ئەو پێدوایستیانەی كۆمپانیاكە بە مەبەستی بەهەمهێنانی مۆبایل و تابلێتی نوێ پێویستیەتی بەردەوامدەبێت و بەپێی وتەكانی كێڤن وۆڵف، پاریزەرێكی پێشوی وەزارەتی بازرگانی ویلایەتە یەكگرتوەكان، ئەو هەنگاوەی واشنتن "خۆبەدەستەوەدان نیە، بەڵكو رێكخستنەوەی كارەكانە".

لە بەرامبەردا، رێن ژێنگفێ، دامەزرێنەری كۆمپانیای هواوی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە كەمكردنەوەی سزاكانی، كاریگەریەكی گەورە بۆ سەر ئەو كۆمپانیا چینیە دروست ناكات، چونكە هواوی بە تەواوی خۆی بۆ هەمو شتێك ئامادەكردوە".

رونیشیکردەوە، "ئەمریکا لەبارەی تواناكانی هواوی ئاگادارە و لەماوەی دو بۆ سێ ساڵی دیكەدا كەس ناتوانێت پێش تەكنەلۆجیای نەوەی پێنجەمی بەرهەمەكانی هواوی بكەوێت، هیچ شتێك كاریگەری لەسەر نەوەی پێنجەمی بەرهەمەكانی هواوی دروست ناكات".

ئەو لێدوانانەی هەریەك لە چین و ئەمریكا لەكاتێكدایە، هەینی رابردو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كۆمپانیای هواوی چین-ی خستە لیستی رەشی بازرگانی ولاتەكەیەوە و رایگەیاند، "چیدی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی ناتوانن كار لەگەڵ هواوی بكەن".

دوای ئەوەی ئەمریكا بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بەسەر زانیاریەكانەوە كۆمپانیای هواوی چینی خستە لیستی رەشی بازرگانی وڵاتەكەیەوە، یەكشەممەی رابردو 19ی ئایار، وتەبێژی كۆمپانیای گوگڵ رایگەیاند، ئەوان پابەند دەبن بە بڕیارەكەی ئەمریكاوە و كاری بازرگانی خۆیان لەگەڵ هواوی بۆ ماوەیەكی نادیار هەڵدەپەسێرن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP