بەپەلە

وەزیری پێشوی بەرگری ئەمریکا باس لە هۆکارەکانی جوڵاندنی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

- 5/21/2019 11:45:00 AM 11774 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری پێشوی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ترەمپ بە مەبەستی بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی سەربازی ناردوە تا هەژمونی ئێران لە ناوچەكەدا كەمبكاتەوە، دەشڵێت، "ناردنی ئەو هێزە بە مەبەستی ئەنجامدانی جەنگ نیە".

جەیمس ماتیس، وەزیری پێشوی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ سكای نیوز رایگەیاند، ئەو هێزەی لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە، "بە مەبەستی لاوازكردنی پێگەی ئێرانە لە ناوچەكەدا نەك بەرپاكردنی جەنگ".
ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین چاكسازیكردنە لە هەندێك كەموكوڕی رێككەوتنامەی ئەتۆمی

 

لەبارەی هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ كشانەوەی ویلایەتەی یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ئێران ماتیس وتی، "ئەوە شتێكی ئاشكرایە، ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین چاكسازیكردنە لە هەندێك كەموكوڕی ئەو رێككەوتنەدا، ئەو كارە بە دڵنیاییەوە كاری دیپلۆماتكارەكان و سەركردەی وڵاتانە".
رەوانەکردنی هێز بۆ پاراستنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەڵوێستی ئێران، تا كێشە سەرەكییەكە چارەسەر بكەین

 

وتیشی، لەكاتێكدا نیگەرانی و دڵەڕاوكێ لە ناوچەكەدا دروستبوە، سەرۆكی وڵاتەكەی بڕیاریداوە هێزی سەربازی بنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ هاوڕێیانیان لە ناوچەكە پێكەوە كاربكەن، "بۆ پاراستنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەڵوێستی ئێران تا كێشە سەرەكیەكە چارەسەر بكەین و بگەین بە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵیدا".
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین پارێزگاریكردنە لە ئاشتی نەك بەرپاكردنی جەنگ

 

سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی سەربازانی ئەمریكی لە كەنداوی عەرەبی ماتیس رونیکردەوە، "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین پارێزگاریكردنە لە ئاشتی نەك بەرپاكردنی جەنگ".

دواتر ئاماژەی بۆ چەند هەڵوێستێك كرد لە ناوچەكەدا و رایگەیاند، "دەمانەوێت لەبارەی ئەو رەفتارانەی ئێران كە لە نزیك مینا و پاڵاوگە نەوتیەكانی سعودیە رویداوە، هۆشداری بدەینە ئەو وڵاتە".

ماتیس ئەوەشی خستەڕو، "بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان زۆر رێگا هەیە بێجگە لە جەنگ بتوانین بەكاریان بهێنین".
سەرجەم ئەو وڵاتانەی ئاشتی و ئازادی و خۆشبەختیان دەوێت، پێكەوە بە مەبەستی گرەنتیكردنی روبەڕوبونەوەی رەفتارەكانی ئێران كۆببنەوە

 

ماتیس چەندین پێشێلكاری لە ناوچەكەدا ژمارد، كە بەپێی وتەكانی ئەو سەرجەمیان پێشێلكارین و لە لایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون و رایگەیاند، ئەو وڵاتە "لە جەنگی یەمەندا تێوەگلاوە"، هاوكات داواشیكرد، "سەرجەم ئەو وڵاتانەی ئاشتی و ئازادی و خۆشبەختیان دەوێت، پێكەوە بە مەبەستی گرەنتیكردنی روبەڕوبونەوەی رەفتارەكانی ئێران كۆببنەوە".

وەزیری پێشوی بەرگری ئەمریکا زیاتر وتیشی، "ئەوە تاكە رێگایە بۆ دوركەوتنەوە لە ئەنجامدانی جەنگ و ناچاركردنی ئێران بە گۆڕینی هەڵسوكەوتەكانی و پێویستە بەرەیەكی یەكگرتو پێكبهێنین تا پارێزگاری لە ئاشتی ناوچەكە بكەن".

ناتوانین پێشبینی رودانی جەنگ بكەین، چونكە ئامانجی گشتگیر لە هەمو ئەو روداوانەی ئەمڕۆ رودەدەن دوركەوتنەوەیە لە جەنگ

 

لەبارەی ئەگەری ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی جەنگ لەگەڵ ئێران، وەزیری پێشوی بەرگری وتی، "ناتوانین پێشبینی رودانی جەنگ بكەین، چونكە ئامانجی گشتگیر لە هەمو ئەو روداوانەی ئەمڕۆ رودەدەن دوركەوتنەوەیە لە جەنگ، تا شتەكان دەڕۆنەوە شوێنی ئاسایی خۆیان و دیپلۆماتكارەكانیش خاڵە ناكۆكەكان چارەسەر دەكەن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP