نرخی نەوتی خاو لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە

- 5/21/2019 8:46:00 AM 3215 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گرژیی و ئاڵۆزیە بەردەوامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامبونی رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت لە كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت بونەتە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەیەكی بەردەوام بەرزبونەوە بەخۆوە ببینێت.

رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) و وڵاتانی هاوپەیمانی (ئۆپیك+)، لە دوایین بڵاوكراوەیاندا رایانگەیاندوە، بەردەوامدەبن لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە وڵاتەكانیاندا، ئەوەش لەكاتێكدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا كەمكردنەوەی ئەو رێژەیە لە لایەن ئۆپیك-ەوە بەردەوامی هەیە.  

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی خاوی برێنت 10 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 0.1 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 72.07 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا 14 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 0.2  بەرزترین ئاستی لەم مانگەدا تۆماركردوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 63. دۆلار.  

هاوكات بەردەوامی و زیاتربونی گرژیی و ئاڵۆزیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناكۆكیەكانی نێوان هەریەك لە وڵاتانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران، هۆكارێكی دیكەی سەرەكیە بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا.

یەكشەممەی رابردو 19ی ئایار، خالید ئەلفالح، وەزیری وزەی سعودیە رایگەیاند، رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت و وڵاتانی هاوپەیمانی، بەردەوامدەبن لە كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكانیان، وتیشی "بەڵام بە ئاگاداری خواستی بازاڕەكانی نەوتین و بەشێوەیەك رێژەكە كەم ناكەینەوە زیان بە بازاڕەكان بگەیەنێت".

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP