بەپەلە

دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت

- 5/21/2019 8:21:00 AM 27895 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت، ئەوەش دوای تێپەڕبونی زیاتر لە پێنج مانگ لە ساڵی 2019 و گەیشتی پشکی هەرێم لە بەغداوە و فرۆشتنی بەردەوامی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی خشتەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابوری، ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە 21-5-2019 موچەی خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

هاوکات رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەش موچەی خانەنشینی شارستانی دابەش دەکرێت و کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم دێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری داوای لە گەنجینەکان کردوە لیستی موچەی نوێیان بۆ رەوانە بکەن

 

تا ئێستا دیارنیە کەی موچەی مانگی ئازاری ئەمساڵی فەرمانبەران دابەش دەکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابوری داوای لە گەنجینەکان کردوە لیستی موچەی نوێیان بۆ رەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە ئەگەری بونی پارەی پێش جەژن موچە دابەش بکەن.
ئەگەر پارەی پێویستمان لە بەردەستدا بێت  پێش جەژن موچەی مانگی سێی ئەمساڵ دابەش دەکرێت

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەگەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا پارە بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن، ئەوا  پێش جەژن موچەی مانگی سێی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشت دەبەستێت بە بڕی 378 ملیاری دیناری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو پارەیەی بەغدا مانگانە رەوانەی دەکات کە بڕەکەی 522 ملیۆن دۆلارە.
حکومەتی عێراق له‌ ساڵی 2019 دا سێ موچه‌ی ناردوه‌، كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌

 

سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "حکومەتی عێراق له‌ ساڵی 2019 دا سێ موچه‌ی ناردوه‌، كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌، یه‌ك موچه‌ بۆ مانگی 12ی 2018 به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه ئێستا موچه‌ دواكه‌وتوه‌ واته‌ پێدانی موچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاره‌، بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگەکەی پێ بدرێت و موچە ڕێک بێتەوە بکەوێتەوە سەرسکە".

دزەیی وتیشی، "ئێستا ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست حکومەتی هەرێم نیە،  هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن کە حکومەتی عێراق بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ئەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستانی بڕی لە 2014 ه‌وه‌ بداتەوە هەرێم، ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن ئەوکات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP