"ئەو شەڕە كۆتایی بە عێراق دەهێنێت"
موقتەدا سەدر هۆشداریی دەدات لە هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و ئەمریكا

- 5/20/2019 11:38:00 PM 14544 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر لە عێراق هۆشداریی دەدات لە ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و رایدەگەیەنێت، ئەگەر عێراق هەڵوێستێكی جدی نەبێت ئەو جەنگەی لەنێوان ئەو دو وڵاتە هەڵدەگیرسێت كۆتایی بە عێراق دەهێنێت.

موقتەدا سەدر لە تویتێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندوە"من لەگەڵ هاندانی جەنگی ئێران و ئەمریکادا نیم، لایەنگری ئەوەش نیم کە عێراق لەم شەڕەوە تێوەبگلێندرێت، ئەگەر وەک عێراق هەڵوێستێکی یەکگرتوی جددی نیشان نەدەین، ئەوا ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بەعێراق دەهێنێت".

سەدر راشیگەیاندوە،"نە عێڕاق و نە خەڵکەکەی بەرگەی جەنگێکی تر ناگرن، ئێمە پێویستمان بە ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە هەیە، هەرکەسێک هەوڵ بدات عێراق تێوەبگلێنێت لەم جەنگەوە و بیکاتە مەیدانی جەنگ، ئەوا دەبێت بە دوژمنی خەڵکی عێراق".

لە ماوەی رابردوشدا لە بەیاننامەیەكدا موقتەدا سەدر رایگەیاندبو"رۆژ بە رۆژ نیگەرانییەكانم زیاتر دەبن لە ریشەداكوتین و قووڵبوونەوەی دەستوەردانەكانی ئێران و ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق لەگەڵ ئەوەشدا كەسانێك هەن كە هاریكاری و پشتیوانی دەستوەردانەكە دەكەن".

راشیگەیاند كە لەگەڵ ئەوەی "دژی دەستوەردانی هەردولام، بەڵام نە دەمەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێرانی دراوسێ تێكبچێت و خاكی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ئێران، نە خوازیاریشم سیاسەتەكانی ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە وڵات و گەلەكەم".

موقتەدا سەدر رەخنە لە حكومەتكانی دوای 2003ی عێراق دەگرێت بەوەی نەیانتوانی بە شێوەیەك سیاسەت بكەن كە عێراق پێویستی بە دەستوەردانی ئێران و ئەمریكا نەبێت، بۆیە ئێستاش كە گرژییەكانی ئەو دو وڵاتە پەرەدەستێنن، عێراق گیریخواردوە لە نێوانیاندا و ناچارە مل بۆ هەردولایان كەچ بكات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP