ئەمریکا داوادەکات وەبەرهێنان لەفەلەستین بکەن

- 5/20/2019 10:01:00 PM 1399 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتو پلانی ئاشتی ئیسرائیل-فەلەستین ئاشکرادەکات و داوا لەوەبەرهێنەرانیش دەکات لەفەلەستین وەبەرهێنان بکەن.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتو پلانە چاوەڕوانکراوەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائیل-فەلەستین لەکۆنفرانسێکدا لەبەحرەین ئاشکرابکرێت و بەگوێرەی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش وەک هەنگاوی سەرەتای جێبەجێکردنی پلانەکە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوا لەوەبەرهێنەران دەکات لەفەلەستین وەبەرهێنان بکەن.
بەورێگایە هەردو لایەن رادەکێشێتە ناو بازنەی چارەسەرە سیاسییەکانەوە

بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا سەرەتا بەشی ئابوری پلانەکە بەلێکنزیککردنەوەی بەرپرسانی باڵای هەردو وڵات و بازرگانان و وەبەرهێنەران جێبەجێدەکرێت کە ئیدارەی ترەمپ پێیوایە بەورێگایە هەردو لایەن رادەکێشێتە ناو بازنەی چارەسەرە سیاسییەکانەوە.

جێرد کوشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپ و جەیسن گرینبلات نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرپەرشتی پلانی ئاشتی ئیسرائیل-فەلەستین دەکەن کەماوەی زیاتر لە دوساڵە بانگەشەی بۆدەکەن.
پێمانوایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە ئابورییەی کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەردەکەین

هەرچەندە بەشێک لەشیکەرەوە سیاسییەکانی ئەمریکا سەرکەوتنی پلانەکە بەئەگەرێکی دوردادەنێن، بەوپێیەی دەیان هەوڵی دیکەی ئیدارەکانی ئەمریکا لەو روەوە شکستیانهێناوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی دەڵێت:" پێمانوایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە ئابورییەی کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەردەکەین، بەوەش جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی لەسەرکەوتن نزیکدەبێتەوە." 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP