فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبونەوە
شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران و کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکانیان تاوتوێکردوە

- 5/20/2019 5:50:00 PM 1241 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ دووشەممە، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەی گوندەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیان کردوە.

د. بەشیر حەداد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر کێشەکانی سەرگەڕان و پەلکانە و گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک و کێشەی هاوردەکردنی عەرەبەکان و دەرکردنی کوردەکان لەسەر زەوی و زاری خۆیان، هاوکات  داوامانکرد، بە زوترین کات حکومەتی عێراق تەداخول بکات و بۆ پاراستنی خێزانە کوردەکان و رێگری بکرێت لە ئاژاوەی گەورە لە ناوچەکە".
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی پێداون بە زوترین کات کێشەی گەنمی جوتیاران چارەسەر بکات

وتیشی:" لە کۆبونەوەکەدا باس لە شایستە داراییەکانی جوتیاران کرا، کە ماوەی چەند ساڵێکە گەنمیان رادەستی حکومەتی عێراقی کردوە، بەڵام تا ئێستا شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتوە، هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی پێداون بە زوترین کات کێشەی گەنمی جوتیاران چارەسەر بکات".
گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەماهەنگی هەرێم و بەغدا، تاکە رێگای چارەسەکردنی کێشەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانن

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکە بە عادل عەبدولمهەدیان راگەیاندوە، گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەماهەنگی هەرێم و بەغدا، تاکە رێگای چارەسەکردنی کێشەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانن. لای خۆشیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی بە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوە .

نیشانەکردن :

#پەرلەمانی عیراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP