جوتیاران داواكاریه‌كانیان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی کوردستان کرد
504 دۆنم زه‌وی له‌ قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ و سه‌رگه‌ڕان سوتێنراون

- 5/20/2019 2:36:00 PM 1469 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

 
ژماره‌یه‌ك له‌ پارێزه‌رانی دۆسیه‌ی جوتیارانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و جوتیاران سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و داواكاریه‌كانیان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كرد، په‌رله‌مانیان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌كانی داعش ئاگادار كرده‌وه‌.

گۆران دیبه‌گه‌یی، پارێزه‌ری دۆسیه‌ی جوتیاران به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هه‌ردو لیژنه‌ی كشتوكاڵ و مادده‌ی 140 كۆبوینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زوترین كات رێكاری پێویست بگیرێته‌ به‌ر بۆ كێشه‌ی جوتیارانی قه‌راج و كه‌ندێناوه‌ و سه‌رگه‌ڕان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "یاداشتێكمان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كرد و ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه‌ كرد له‌ چه‌ند رۆژی رابردو 504 دۆنم زه‌وی جوتیاران به‌ دانه‌وێڵه‌ سوتێنراون، بۆیه‌ ئه‌و سنوره‌ پێویستی به‌ تیمی زیاتری ئاگركوژێنه‌وه‌ و هێزی ئه‌منی زیاتر هه‌یه‌".

به‌رده‌وام ده‌بین له‌ به‌دواداچونی ئه‌و كه‌یسه‌ و ده‌بێت رێگری بكرێت له‌ سوتانی ده‌غڵ و دانی جوتیاران

 

هاوکات، جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ماددەی 140 وتی، "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ به‌دواداچونی ئه‌و كه‌یسه‌ و ده‌بێت رێگری بكرێت له‌ سوتانی ده‌غڵ و دانی جوتیاران".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردیه‌كان لە پەرلەمانی عێراق هەیە و چاوەڕێی دامەزراندنی كابینەی تازەی حكومەت دەكەین بۆ ئەوەی گفتوگۆكان بە فەرمی دەستپێبكەن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP