وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی سێ گەنجینەکان ئاگاداردەکاتەوە

- 5/20/2019 1:27:00 PM 84679 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند، گەنجینەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی سێی ئەمساڵ پێش جەژنی رەمەزان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ بە خەندان-ی راگەیاند، ئەگەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا پارە بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن، ئەوا  پێش جەژن موچەی مانگی سێی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان داوای لە گەنجینەکان کردوە لیستی موچەی مانگی ئازاری ئەمساڵیان بۆ بنێرن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری دابینکردنی پارە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە پێش جەژن موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشت دەبەستێت بە بڕی 378 ملیاری دیناری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو پارەیەی بەغدا مانگانە رەوانەی دەکات کە بڕەکەی 522 ملیۆن دۆلارە.

سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "حکومەتی عێراق له‌ ساڵی 2019 دا سێ موچه‌ی ناردوه‌، كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌، یه‌ك موچه‌ بۆ مانگی 12ی 2018 به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه ئێستا موچه‌ دواكه‌وتوه‌ واته‌ پێدانی موچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاره‌، بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگەکەی پێ بدرێت و موچە ڕێک بێتەوە بکەوێتەوە سەرسکە".

دزەیی وتیشی، "ئێستا ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست حکومەتی هەرێم نیە،  هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن کە حکومەتی عێراق بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ئەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستانی بڕی لە 2014 ه‌وه‌ بداتەوە هەرێم، ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن ئەوکات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP