دۆناڵد ترەمپ: ئابوری چین پێش ئابوری ئەمریكا ناكەوێت

- 5/20/2019 1:16:00 PM 3118 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لە ماوەی حكومڕانیەكەیدا رێگا نادات چین ببێتە گەورەترین هێزی جیهان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بڕیاری جەنگی سارد-ی لەگەڵ چین پەسەندكردوە و رێگا نادات ئەو وڵاتە پێش ئابوری ویلایەتە یەكگرتوەكان بكەوێت.
ئەمریكا بە ملیاران دۆلار لەو جەنگە قازانج دەكات، بە پێچەوانەی چین لە ئێستادا دۆخی باش نیە

 

لە وەڵامێكیدا لەبارەی خواستەكان بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگە بازرگانیەی لە نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتوەكان هەیە ترەمپ وتی، "ئەمریكا بە ملیاران دۆلار لەو جەنگە قازانج دەكات، بە پێچەوانەی چین لە ئێستادا دۆخی باش نیە".
ئەگەر هیلاری كلینتن ببوایە بە سەرۆك ئێستا ئابوری چین، ئابوری ویلایەتە یەكگرتوەكانی تێدەپەڕاند

 

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەگەر هیلاری كلینتن ببوایە بە سەرۆكی وڵات لە ئێستادا ئابوری چین، ئابوری ویلایەتە یەكگرتوەكانی تێدەپەڕاند، ئەگەر ئەوەش رویبدایە لە كۆتایی وادەی حكومڕانیەكەیدا ئابوری چین بە شێوەیەكی بەرچاو پێش ئابوری وڵاتەكەمان دەكەوت، بەڵام لە ئێستادا تەنانەت ئابوریەكانمان لەیەكیشەوە نزیك نین".
 بە مەبەستی دوبارە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی بەیجینگ پەلە ناكەم

 

ترەمپ راشیگەیاند، بە مەبەستی دوبارە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی بەیجینگ پەلە ناكات، ئەوەش دوای شكستهێنانی دانوستانە بازرگانیەكانی نێوان هەردو وڵات دێت كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهۆی زیادكردنی باج لەسەر كەلوپەلی چینی لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكان، دانوستانەكان بێ دەرەنجام كۆتاییان پێهات.

هاوكات هەفتەی رابردو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كۆمپانیای هواوی و چینی و دەیان كۆمپانیای دیكەی ئەو وڵاتەی خستە لیستی رەشی وڵاتەكەیەوە و رێگری لە كۆمپانیا گەورەكانی وڵاتەكەی كرد مامەڵە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە بكەن.
چین دەبێتە گەورەترین وڵاتی ئابوری جیهان و تا ساڵی 2030، كۆی گشتی داهاتی ناوخۆی ساڵانەی دەگاتە 26 تریلیۆن دۆلار

 

پێشتریش شارەزایانی بواری ئابوری رایانگەیاندبو، بەپێی پێشبینیەكان چین دەبێتە گەورەترین وڵاتی ئابوری جیهان و تا ساڵی 2030، كۆی گشتی داهاتی ناوخۆی ساڵانەی دەگاتە 26 تریلیۆن دۆلار.

ئەو پێشبینیەش لەگەڵ سندوقی كاشی نێودەوڵەتی بۆ ئابوری چینی یەكدەگرێتەوە، كە بە هەمانشێوە لە ماوەی رابردودا رایگەیاندبو، لە ساڵی 2030دا چین دەبێتە گەورەترین وڵاتی ئابوری جیهان. 

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP