فەڵەستین: راوێژمان لەگەڵ نەكراوە
ئەمریكا لە بەحرەین كۆنگرەی ئابوری لەبارەی فەڵەستین ئەنجامدەدات

- 5/20/2019 11:47:00 AM 1242 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، بە مەبەستی "هاندانی وڵاتان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەناوچەكانی فەڵەستین" مانگی داهاتو لە بەحرەین كۆنگرەیەكی كاری ئابوری رێكدەخات.
ئەمریكا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ كۆنگرەیەكی ئابوری لە بەحرەین ئەنجامدەدات

 

كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بە هاوبەشی لەگەڵ بەحرەین رایانگەیاند، لە چوارچێوەی پلانەكانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست "مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ كۆنگرەیەكی ئابوری لە بەحرەین ئەنجامدەدات و تێیدا هانی وڵاتان دەدات وەبەرهێنان لە ناوچەكانی فەلەستین ئەنجامبدەن".

ئاماژە بەوەشكراوە، كۆنگرە ئابوریەكە لە ژێر ناونیشانی "ئاشتی لە پێناو پێشكەوتن" لە رۆژانی 25 و 26ی  حوزەیران ئەنجامدەدرێت، تیایدا " لەبارەی ستراتیجی و كۆكردنەوەی پاڵپشتی وەبەرهێنانی ئابوری گفتوگۆ دەكرێت، تا لەو رێگەیەوە رێككەوتنی ئاشتی ئەنجامبدرێت.

لە راگەیەندراوەکەی ئەمریکا و بەحرەیندا هاتوە، "لەپێناو پێشكەوتن ئاشتی رودەدات" و لەپێناو ئایندەیەكی گەش بۆ گەلی فەلەستین و لە چوارچێوەی خواستەكانی ئەو گەلە و ناوچەكە گفتوگۆ ئەنجامدەدرێت".
سەرجەم سەركردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو كۆنگرەیەدا بەشداردەبن 

 

ستیڤن منوشین، وەزیری خەزێنەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، "سەرجەم سەركردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو كۆنگرەیەدا بەشداردەبن تا گەشەی ئابوری بەرزتربكەنەوە، ئەوەش هەلێكی گرنگە بۆ خەڵكی  ناوچەكە".
هیچ راوێژێك بە حكومەتی فەڵەستین نەكراوە
هاوكات ئەمڕۆ دوشممە، دوای راگەیەندراوە هاوبەشەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكان و بەحرەین لەباری ئابوری فەڵەستینەوە، محەمەد شتەییە، سەرۆك وەزیرانی فەڵەستین رایگەیاند، "لەبارەی ئەنجامدانی كۆنگرەی ئابوری كە كۆشكی سپی ئاماژەی پێداوە، هیچ راوێژێك بە حكومەتی فەڵەستین نەكراوە".
دوای رەمەزان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانەکە رادەگەیەنێت

 

ئەو راگەیەندراوەی كۆشكی سپی دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە 23ی نیسانی ئەمساڵ، جێری کوشنەر راوێژکاری کۆشکی سپی و راسپێردراو بۆ ئامادەکردنی پلانی ئاشتی ئیسرائیل-فەلەستین رایگەیاند، دوای رەمەزان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانەکە رادەگەیەنێت.

دوا بەدوای لێدوانەكەی كوشنەر، رێكەوتی 24ی نیسانی ئەمساڵ، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین سەردانی دو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکای کرد و وتی، "پلانی ئاشتی ئیدارەی ترەمپ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل-فەلەستین لە سەرجەم پلانی سەرکردەکانی ئەمریکا خراپترە". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP