سەفین دزەیی لەبارەی دابەشکردنی سێ موچەی 2019ی فەرمانبەرانەوە دەدوێت

- 5/20/2019 11:15:00 AM 107608 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا له‌ ساڵی 2019 دا سێ موچه‌ی ناردوه‌ كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌، یه‌ك موچه‌ بۆ مانگی 12ی 2018 به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه ئێستا موچه‌ دواكه‌وتوه‌، دەشڵێت، "هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن ئەوکات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".
حکومەتی عێراق له‌ ساڵی 2019 دا سێ موچه‌ی ناردوه‌، كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌

 

سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "حکومەتی عێراق له‌ ساڵی 2019 دا سێ موچه‌ی ناردوه‌، كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌، یه‌ك موچه‌ بۆ مانگی 12ی 2018 به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه ئێستا موچه‌ دواكه‌وتوه‌ واته‌ پێدانی موچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاره‌، بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگەکەی پێ بدرێت و موچە ڕێک بێتەوە بکەوێتەوە سەرسکە".
ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن لە بەغدا ئەوکات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست حکومەتی هەرێم نیە،  هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن کە حکومەتی عێراق بەپێی یاسا دەبێت بودجەی ئەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستانی بڕی لە 2014 ه‌وه‌ بداتەوە هەرێم، ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن ئەوکات موچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".
هەرێمی کوردستان لەڕووی پڕنسیبوە هیچ کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نیە، كه‌ نه‌وت راده‌ستی به‌غداد بكات

 

لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و رادەستی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا، سەفین دزەیی دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لەڕووی پڕنسیبوە هیچ کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نیە، كه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ راده‌ستی به‌غداد بكات، بەڵام کۆمەڵێک بابەتی تر هەیە کە پێویستە لەو پڕۆسەیە چاره‌سه‌ربكرێن، ئەگەرنا ئەوە نیە بدرێت یا نەدرێت، هەرێم  گرێبەستی هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای وەبەرهێنەری نەوت، کە خۆیان سەرمایە گوزارییان لە هەرێم کردوە بەسەدان ملیۆن و ملیارەها دۆلار، ئایا داهاتوی ئەو کۆمپانیایانە چی لێدێت؟، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنەرانی نەوت ئەگەر بدرێتە بەغداد ئایا حکومەتی عیراق شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە دەدات؟".
لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە پاش ئەو گرژییانەی لە چەند ساڵی ڕابردو دروست بو

 

وتەبێژی حکومەت رونیکردەوە، "لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە پاش ئەو گرژییانەی لە چەند ساڵی ڕابردو دروست بو لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام لەگەڵ دەست بەکاربونی ئەم کابینە نوێیەی د.عادل عەبدولمەهدی بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین کۆبونەوە ئەنجامدراوە، چەندین شاند هاتونەتە هەولێر وە چەند شاندێکی هەرێم-یش چونەتە بەغدا، گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەکی سیاسی لەنێوان هه‌ردوولادا هه‌ولێر و به‌غداد هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان".
ئەو 525 ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت بەشی موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم ناکات

 

دزەیی ئەوەشی خستەڕو، "ئەو 525 ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت بەشی موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم ناکات، دەبێت حکومەتی هەرێم 350 ملیار دیناری تر بخاتە سەر ئەو بڕە پارەیە تا بتوانێت موچە بەبێ پاشەکەوت بدات، لەو 525 ملیارە 68 ملیاری بۆ پێشمەرگە تەرخان کراوە، کە تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە نەهاتوەتە کوردستان، تا ئێستا ئەو موچەیە لەبەغداوە هاتوە ئەوەش وایکردوە بەتەواوی پاشەکەوتی موچە نەمێنێ".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP