گوگڵ بەشێك لە پەیوەندیەكانی لەگەڵ هواوی هەڵپەسارد

- 5/20/2019 10:08:00 AM 3580 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی كۆمپانیای هواوی و هەژماركردنی ئەو كۆمپانیایە لە لیستی رەشی كۆمپانیا بازرگانیەكانی وڵاتەكەیدا، كۆمپانیای گوگڵ بەشێك لە پەیوەندیەكانی لەگەڵ هواوی هەڵپەسارد. 

دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بەسەر زانیاریەكانەوە كۆمپانیای هواوی چینی خستە لیستی رەشی بازرگانی وڵاتەكەیەوە، دوێنێ یەكشەممە، وتەبێژی كۆمپانیای گوگڵ رایگەیاند، ئەوان پابەند دەبن بە بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە و كاری بازرگانی خۆیان لەگەڵ هواوی بۆ ماوەیەكی نادیار هەڵدەپەسێرن.
 ئەو خزمەتگوزاریە گشتیانەی لەرێگەی مۆڵەتی كراوەوە هەن وەكو خۆیان دەمێننەوە

 

بەپێی وتەبێژەكەی گوگڵ، ئەو بڕیارەی كۆمپانیاكە، ناردنی هاردوەیر و سۆفوتوەیر و خزمەتگوزاریە تەكنیكیەكانی نێوان هەردولا دەوەستێنێت، بەڵام ئەو خزمەتگوزاریە گشتیانەی لەرێگەی مۆڵەتی كراوەوە هەن وەكو خۆیان دەمێننەوە.
ئەو بەكارهێنەرانەی لە ئێستادا مۆبایلی زیرەكی هواوی بەكاردەهێنن دەتوانن سود لەو ئەپڵیكەیشن و پرۆگرامانە وەربگرن و ئەو بەرنامانەی كە لە لایەن گوگڵ-ەوە ئامادەكراوە

 

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری وتەبێژەكەی گوگڵ-ەوە رایگەیاند، "ئەو بەكارهێنەرانەی لە ئێستادا مۆبایلی زیرەكی هواوی بەكاردەهێنن دەتوانن سود لەو ئەپڵیكەیشن و پرۆگرامانە وەربگرن و ئەو بەرنامانەی كە لە لایەن گوگڵ-ەوە ئامادەكراوە لە مۆبایلەكانیاندا دابگرن".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەپڵیكەیشنی گوگڵ پلەی لەگەڵ خزمەتگوزاریەكانی پاراستنی ئەو ئەپڵیكەیشنە لە مۆبایلەكانی ئێستای هواوی-دا بەردەستدەبێت".
هواوی دەتوانێت تەنها سود لە خزمەتگوزاریە گشتیەكانی ئاندرۆید وەربگرێت

 

لەبارەی كاریگەری بڕیارەكەی گوگڵ وتیشی، "هواوی دەتوانێت تەنها سود لە خزمەتگوزاریە گشتیەكانی ئاندرۆید وەربگرێت و ناتوانێت ئەپڵیكەیشنە تایبەتەكانی ئاندرۆید وەربگرێت".
ئەو بڕیارە لە دەرەوەی وڵاتی چین-یش كاریگەری لەسەر بازرگانی مۆبایلی هواوی دەبێت

 

وتەبێژەكەی گوگڵ راشیگەیاند، "ئەو بڕیارە لە دەرەوەی وڵاتی چین-یش كاریگەری لەسەر بازرگانی مۆبایلی هواوی دەبێت، چونكە بەرهەمەكانی ئەو كۆمپانیایە ناتوانێت بەرنامە و ڤێرژنە نوێیەكانی ئاندرۆید لەخۆبگرێت، هاوكات وەشانە نوێیەكانی مۆبایلی هواوی پرۆگرامە بەناوبانگ و دیارەكانی ئاندرۆید وەك (گوگڵ پلەی ستۆر و جی مەیڵ و یوتیوب لەخۆ ناگرێت".

ئەوەش بەو واتایە دێت كە ھیچ وەشانێكی نوێی ئاندرۆید ناگاتە مۆبایلەكانی ھواوی، تا ئەو كاتەی لەوبارەیەوە رێككەوتنێكی نوێ ئەنجامدەدرێتەوە یاخود ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سزاكانی لەسەر ئەو كۆمپانیا چینیە هەڵدەگرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP