بەپەلە

"لە رێکخەری گشتییەوە تا ئۆرگانەکانی خوارەوە دەگۆڕین"
عەلی حەمەساڵح: ئەگەر ئێمەومانان هۆکاربوبین بۆ نیگەرانی هەر هاوڕێیەکمان، چیتر ئەمە رونادات

- 5/20/2019 8:41:00 AM 8375 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەوان هۆکاربوبن بۆ نیگەرانی هەر سەرکردەیەکی بزوتنەوەکەی ئەوا "رەنگە نەتیجەی هەندێک کاردانەوە و هەندێک هەڵە بوبێت، ئێمە داوای لێبوردن دەکەین و چیتر ئەمە رونادات".

هەمومان هەوڵ و هیمەتێک دەگیرنەبەر بۆ ئەوەی ئەو دۆخە ناوخۆییەی گۆڕان کۆتایی پێبێنین 

 

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان شەوی رابردو لە وتەیەکدا لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا رایگەیاند، "ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین بۆ دەستگرتن بەم رێبازەوە، ئەو دۆخە ناوخۆییەش گۆڕانیش بەدڵنیایی هەمومان هەوڵ و هیمەتێک دەگیرنەبەر بۆ ئەوەی کۆتایی پێبێنین".

چیتر پەنجەکانی ئێمە لە بری ئەوەی هێز بدەین بە یەک نابێت یەکتر بشکێنین

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "رێبازی کاک نەوشیروان پێویستی بە یەک دەستیەو پێویستی بە لێبوردەییە، چیتر پەنجەکانی ئێمە لە بری ئەوەی هێز بدەین بە یەک نابێت یەکتر بشکێنین، ئێوە دڵنیادەکەمەوە و ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەن، ئەمەش بە باشترکردنی وەزعی ناوخۆیی گۆڕان دەبێت".

لە رێکخەری گشتییەوە تا ئۆرگانەکانی خوارەوە گۆڕانکاری تیادا دەکەین

 

لەبارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕانەوە عەلی حەمەساڵح وتی، "گۆڕان هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەکات و  لە رێکخەری گشتییەوە تا ئۆرگانەکانی خوارەوە گۆڕانکاری تیادا دەکەین و کۆنفرانسی نیشتیمانی دەکەین بۆ ئەوەی هەمومان بە یەک دەنگ و یەک دەست بڕۆین".

 لەبارەی نیگەرانییەکانی ناو بزوتنەوەکەیەوە عەلی حەمەساڵح دەڵێت، "ئەگەر ئێمەومانان هۆکاربوبین بۆ نیگەرانی هەر هاوڕێیەکمان بەدڵنیاییەوە رەنگە نەتیجەی هەندێک کاردانەوە و هەندێک هەڵە بوبێت، ئێمە داوای لێبوردن دەکەین و چیتر ئەمە رونادات".

دەرفەتێکمان پێبدەن و ماوەیەک چاوەڕوانمان بکەن، بزانرێت ئەم رێککەوتنی گۆڕان کردویەتی لەسەر ئەساسی بنەماکەی کاک نەوشیروان بوە یاخود نا

 

ئەوەشی خستەڕو، "بەشداریکردنی گۆڕان لەماوەی رابردودا ئەگەر بوبێتە مایەی رەخنە یان رەخنەی دیکەی گیرابێت، ئەوا من داواکارم هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەرفەتێکمان پێبدەن و ماوەیەک چاوەڕوانمان بکەن، بزانرێت ئەم رێککەوتنی گۆڕان کردویەتی بۆ چاکسازی بۆ گۆڕانکاری بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و زوڵم و ستەمکاری لەسەر ئەساسی بنەماکەی کاک نەوشیروان بوە یاخود نا، ئەمە پێویستی بە دەرفەتێکە و بڕیاری پێشوەخت لە سیاسەتدا هەمیشە هەڵە دروستدەکات".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رونیکردەوە، "بەشداریمان لە حکومەت بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی چاکسازی و گۆڕانکاری بوە و دڵنیابن ئەنجامی دەبێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP