كاتیۆشایەك ناوەڕاستی ناوچەی سەوزی بەغدا دەپێكێت

- 5/19/2019 8:50:00 PM 16952 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوە هەواڵییەكان بڵاویانكردۆتەوە كە كەمێك پێش ئێستا تەقینەوەیەك لە ناوچەی سەوز لە بەغداد رویدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەكانی بكەن.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسیەوە گواستویەتیەوە كە ئەمشەو تەقینەوەیەك لە ناوچەی سەوز، كە ناوچەیەكی سیاسییە و باڵیۆزخانەی ژمارەیەك لە وڵاتانی تێدایە رویداوە.

لای خۆشیەوە ئاژانسی سكای نیوز لە زاری چەند شایەتحاڵێكەوە بڵاویكردۆتەوە كە دو موشەك لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز كەوتوە و لەئێستاشدا زەنگی ئاگاداركردنەوە لەناو باڵیۆزخانەكەوە لێدەدرێت.

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند كە موشەكێكی جۆری كاتیۆشا ناوەڕاستی ناوچەی سەوزی لە بەغداد پێكاوە بێ ئەوەی هیچ زیانێكی لێبكەوێتەوە و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنیەكان كۆنتڕۆڵی ناوچەكەیان كردوە و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوە.

لەمیانی پشكنینەكانی هێزە ئەمنیەكانی عێراق، سوپای عێراق رایگەیاند، سەرچاوەی ئەو موشەكەی ناوچەی سەوزی كردە ئامانج، ناوچەی ئەلغەدیر بوە كە دەكەوێتە شاری بەغدا. 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP