بلۆككردن یەكێك لە رێگەكانی خۆدەربازكردن لە كێشەكان
توێژەرێكی دەرونی: بلۆككردنی خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان نیشانەی خۆپەرستیە

- 5/19/2019 6:46:00 PM 8613 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لە ژیانی ئێستاماندا رێگەخۆشكەرن بۆ تێكەڵبونمان لە گفتوگۆ جیهانیەكان و فراوانكردنی پەیوەندیەكانمان بە شێوەیەكی بەرچاو، تا ئەو كاتەی بێزاردەبین و ئەو كەسانە بلۆك دەكەین كە لەگەڵ راو بۆچونە تایبەتیەكانماندا ناگونجێن.

ژمارەیەك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەهۆی ساناترین رێكنەكەوتن یاخود نەگونجان لەگەڵ بیروبۆچونی كەسانی بەرامبەریاندا خۆویستیەكەیان دەبێتە هۆی ئەوەی بەرامبەرەكەیان لە لیستی هاوڕێكانیان بسڕنەوە.

چۆنیەتی كاردانەوەت بەرامبەر رەفتارەكانی كەسانی بەرمبەر هەڵبژاردەی خۆتە

 

ستیڤ مكێون، توێژەرێكی دەرونیە و چارەسازی بواری ژیریە، لەبارەی ئەو رەفتارەوە بەم شێوەیە دەدوێت و شیكاری بۆدەكات:"ئەو شتانەی كە هاوڕێكانت یاخود كەسانی دیكە لەبارەی تۆوە دەیڵێن هەڵبژاردەی خۆیانە، هاوكات چۆنیەتی كاردانەوەی تۆ هەڵبژاردەی خۆتە، لێرەوە كێشەكان دەستپێدەكات و دەبێتە كێبڕكێیەك لەگەڵ هەستی خۆویستیماندا".

دو رێگا بەردەستە، یا فەرمۆشكردن یاخود بڵۆك كردن


ئاماژە بەوەشدەكات "نەگونجان و یەكنەگرتنی بیروبۆچون لەگەڵ كەسی بەرامبەر بێزاری دروستدەكات و ئەو هەستەت دەبەخشێت كە كەسانی بەرامبەر شایەنی ئەوە نین ببن بە بەشێك لە ژیانی ئەلیكترۆنی تۆ، هەڵبژاردەكان سادەیە، یا فەرامۆشیان دەكەیت یاخود بلۆكیان دەكەیت".

بلۆك كردن ئاسانترین رێگایە بۆ دوركەوتنەوە لە هەستە نەرێنیەكان


بە پێی ئەو توێژەرە دەرونیە "بلۆككردنی ئەو جۆرە كەسانەی لەگەڵ بیروبۆچونەكانتدا ناگونجێن ئاسانترین رێگایە بۆ ئەوەی لە هەستكردن بە نیگەرانی و نائومێدی دوربكەویتەوە". لەوانەیە بلۆككردن بە كردارێكی سادە و ئاسایی سەیربكرێت، ئەو كردارە پێدەچێت لە جیهانی ئەلیكترۆنیدا كەسەكە بسڕێتەوە، بەڵام لە ژیانی راستەقینەدا بەو شێوەیە نیە".

بە بلۆك كردن تەنها لە كێشەكان رادەكەیت و بەو شێوەیە كێشەكە لەگەڵتدا بەردەوامدەبێت


ئەو هەڵوێستە كێشەكە ناسڕێتەوە، چونكە هەوڵدەدەیت و زۆر لە خۆت دەكەیت لەگەڵ كێشەكەدا روبەڕونەبیتەوە تا چارەسەری بكەیت، بەڵكو تۆ تەنها رادەكەیت تا ئەو كاتەی لە فرۆشگایەك یاخود لە شوێنێكی گشتی چاوت بەو كەسانە دەكەوێتەوە، بەوەش دوبارە كێشەكە سەرهەڵدەداتەوە، یاخود لەرێگەی بیستنەوەی هەمان وتە لە كەسێكی دیكەوە دوبارە توشی بێزاری دەبیتەوە".

تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەستی نەرێنی دروستدەكەن، بڵۆك كردنیش ئەو هەستە ناسڕێتەوە


ستیڤ دەڵێت "پەیوەندی تۆڕە كۆمەڵاتیەكان هەستی ناسەقامگیری ناخی مرۆڤەكان و كاركردن لەسەر كەمكردنەوەی باوەڕبون بە خود و خواستی پەسەندكردنیان لە لایەن كەسانی دیكەوە دروستدەكات، بەڵام ئەگەر كەسێك بڵۆك بكەیت ئەو هەستەی بەرامبەر كەسەكە هەتە بە ئاسانی لە ناخت ناسڕدرێتەوە، چونكە ئەو كێشەیە لە داهاتودا و لەو كاتەدا كە هەرگیز باوەڕ ناكەیت دێتەوە رێگەت".

لای هەندێك كەس (لایك) یاخود (شەیر) نەكردنی بابەتەكانیان بە مانایەكی نەرێنی دێت


مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی پێی خۆشە لە لایەن كەسانی دیكەوە جێگەی سەرنج بێت و پسەند بكرێت، لە لایەكی دیكەوە نایەوێت لە لایەن كەسانی دیكەوە بەو شتانە تۆمەتباربكرێت كە بەو شێوەیە نین، ئەوەش وادەكات كێشە دروستبێت چونكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا كەسانێكی زۆرهەیە كە بەرامبەر وا هەستدەكات سەرجەم وتەكانیان نەرێنیە و بە مەبەستی تۆمەتباركردنە، تەنانەت لای هەندێك كەس (لایك) یاخود (شەیر) نەكردنی بابەتەكانیان بە مانایەكی نەرێنی دێت".

زۆرینە بە شێوەیەكی خۆشتر ژیانی ئەلیكترۆنیان لە ژیانی راستەقینەیان دەردەبڕن


هەمو مرۆڤێكی ئاسایی پێی خۆشە نوسین و بڵاوكراوەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە دڵی ئەوانی دیكە بێت، بۆیە زۆرینەمان لە بڵاوكراوەكانماندا ژیانمان بە شێوەیەكی خۆشتر دەردەبڕین بە بەراورد بەو ژیانە راستەقینەیەی كە هەمانە". 

بڵۆك كردن وەك چەكێك بۆ پارێزگاریكردن لە خودپەرستیەكەیان بەكاردەهێنن


بەپێی وتەكانی ستیڤ، ئەو كەسانەی لە ناخیاندا متمانەیەكی تەواویان بە خۆیان نیە، بەڵام تایبەتمەندی خودپەرستیان تێدایە لەكاتێكدا لە لایەن كەسێكی دیكەوە وتەیەكی نەرێنیان روبەڕودەبێتەوە، وەك بەكارهێنانی چەكێك بۆ پارێزگاریكردن لەو تایبەتمەندیەی خۆیان دەستبەجێ هەڵبژاردەی بلۆككردن جێبەجێدەكەن.

هەڵسوكەوتە نەرێنیەكان كاردانەوەی هەست و نەستە خۆ بەكەمزانیەكانە


هەموان ئەو گرنگیەت پێنادەن كە دەیخوازیت، یاخود بڵاوكراوە و نوسینەكانی تۆیان بەدڵ نابێت، بۆیە دەبێت بەشێوەیەكی ئاسایی هەندێك لە رەفتارە نەرێنیەكان وەربگرین، یاخود پێدەچێت هەندێك جار كاردانەوەكانیان تەنزئامێزبێت یا بە شێوەیەكی راستەوخۆ و توند ئەوەی دەیانەوێت دەیگەیەنن،  بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەو هەڵسوكەوتانە كاردانەوەی هەست و نەستە نە رێنیەكانی خۆیانە كە خۆیان بە كەمتر دەبینن.

مەرج نیە هەمو رەفتارە نەرێنیەكان بە هێڵی سور دانەنێین


سەرەڕای ئەوانەش، هیچ كاتێك ئەو وتانە بەو واتایە نیە كە هەمو جۆرە هەڵسوكەوتێكی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە هێڵی سور دانەنێین و هەڵبژاردەی بڵۆك كردنیان بۆ بەكارنەهێنین، پێویستە لە هەڵبژاردنی هەڵسوكەوتەكانماندا بە ژیری مامەڵە بكەین و لە هەڵچونی دەرونی دوربكەوینەوە، یاخود پێشتر لەخۆمان بپرسین (بۆچی بەم شێوەیە رەفتاردەكەین).

دەتوانیت رێگە نەدەیت كەسانی بەرامبەر روبەڕوی هەڵچونی دەرونیت بكەنەوە


ستیڤ دەڵێت"لەبیرتبێت، ئەوە هەڵبژاردەی خۆتە كە رێگە بە كەسێك بدەیت كاریگەری لەسەر هەستت دروست بكات، چونكە تۆ خاوەنی هەستی خۆتی و بەرپرسیاریت لەو بیركردنەوانەی خۆت، تا نەهێڵیت كاردانەوەكانت نەرێنی بێت، بۆیە هەوڵبدە هەستەكانت رێكبخە و بەرەوپێشەوە رێبكە".  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP