هەواڵی ئەمڕۆ

ده‌ستگێڕ و عاره‌بانچیه‌كانی بازاڕی شێخه‌ڵای هەولێر گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا

- 5/19/2019 11:50:00 AM 3352 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

له‌ دژی ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی عاره‌بانه‌كانیان ژماره‌یه‌ك ده‌ستگێڕ و عاره‌بانچی بازاڕی شێخه‌ڵای شاری هه‌ولێر گردبونه‌وه‌یه‌كیان له‌به‌رده‌م قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر ئه‌نجامدا، داوایان كرد عاره‌بانه‌كانیان پێبدرێته‌وه‌ و رێگریان لێنه‌كرێت له‌ كاری رۆژانه‌یان له‌و بازاڕه‌.

ئەحمەد مەحمود، نوێنەری ده‌ستگێڕ و عاره‌بانچیه‌كانی بازاڕی شێخه‌ڵای شاری هەولێر له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "ئێمه‌ وه‌ك ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌ستگێڕ و عاره‌بانچیه‌كانی بازاری شێخه‌ڵا ژماره‌مان 400 كه‌س ده‌بێت، عاره‌بانه‌كانمان له‌لایه‌ن قایمقامیه‌ته‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، چه‌ند رۆژه‌ ئێمه‌ بێكارین و له‌ ماله‌وه‌ دانیشتوین، ئه‌و كاره‌شمان تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهات و بژێوی ژیانمانه‌". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئه‌مڕۆ سه‌ردانی قایمقامیه‌تمان كرد و داواكاریه‌كانمان پێراگه‌یاندن، قایمقامی هه‌ولێر داوای كرد لیستێكی بۆ ئاماده‌ بكه‌ین، كه‌ ناو و ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی تێدا بێت، بۆئه‌وه‌ی بزانرێت چه‌ند كه‌س عاره‌بانه‌ هی خۆیه‌تی و چه‌ند كه‌س عاره‌بانه‌ی به‌كرێ داوه‌".

نوێنەری ده‌ستگێڕ و عاره‌بانچیه‌كانی بازاڕی شێخه‌ڵا وتیشی، قایمقام پێی راگه‌یاندون تەنها ئەو عەرەبانانە بە كاسبكاران ده‌ده‌نه‌وه‌ كە هی خۆیانه‌ و كاسبكاران، ئه‌و كه‌سانه‌ی عاره‌بانه‌شیان به‌كرێداوه‌ نایده‌نه‌وه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP