خشتەی ئەمڕۆی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران

- 5/19/2019 8:24:00 AM 36552 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ تا ئێستا کۆتایی نەهاتوە و بەپێی خشتەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ موچەی چەند وەزارەتێک دابەش دەکرێت.

بەپێی خشتەی موچەی فەرمانبەران کە 15ی ئەم مانگە خەندان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-5-2019 موچەی وەزارەتەکانی شارەوانی و کارەبا و گواستنەوە و گەیاندن و پلاندانان و کشتوکاڵ دابەش دەکرێت.

هەربەپێی خشتەکە ئەمڕۆ موچەی دیوانی چاودێری دارایی و هەریەک لە دەستەکانی مافی مرۆڤ، وەبەرهێنان، دەستپاکی، ژینگە، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دەزگای مین و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشت دەبەستێت بە بڕی 378 ملیاری دیناری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی کە پێشتر بڵاویکردبوەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کۆی ئەو داهاتەش حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە نەوتی فرۆشراو دەستی دەکەوێت لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلاردایە.

هاوکات مانگانە حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019 رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات کە 522 ملیاری دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP