رەشنوسێك بۆ كێشەی كەركوك و ناوچەدابڕێنراوەكان ئامادەدەكرێت
راوێژكارێكی سەرۆك كۆمار: لیژنەیەك لەهەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق پێكدەهێنرێت

- 5/19/2019 12:08:00 AM 9800 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژكارێكی یاسایی سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاندوە كە سەرۆك بەرهەم لەسەر كێشەكانی كەركوك رەشنوسێكی ئامادەكردوە و لیژنەیەكیان لە سێ سەرۆكایەتەكەی عێراق پێكهێناوە بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە كێشەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، سەرچاوەیەكی باڵاش لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، سەرۆك كۆمار هاوشێوەی مرافەعە گەورەكەی مامجەلال، سەرقاڵی رەشنوسێكی گرنگە لەسەر كەركوك بەڵام نایەوێت مزایەدە بكات.

لە ئێستادا دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، پارێزگاری كەركوك رۆژ لە دوای رۆژ هەنگاوەكانی دژی كورد فراوانتر دەكات، ئەوەش نیگەرانی تەواوی پێكهاتەكانی كورد و توركمانی كەركوكی لێكەوتۆتەوە و داوا دەكەن بەزوترین كات پرسی كەركوك چارەسەربكرێت.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق ڕەشنوسێكی ئامادەكردوە و لیژنەكیان لە هەر سێ سەرۆكایەتیەكە پێكهێناوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بهێنن

 

سەبارەت بە پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، ئەمیر كنانی ڕاوێژكاری یاسایی سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاندوە، بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتی شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لەڕێگەی دەستور و یاساوە هەوڵەكانی خۆی خستوەتەگەڕ.

كنانی وتوشیەتی،"سەرۆكایەتی كۆماری عیراق ڕەشنوسێكی ئامادەكردوە و لیژنەكیان لە هەر سێ سەرۆكایەتیەكە پێكهێناوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بهێنن".

بەپێی زانیارییەكانی خەندان لەئێستادا، سەرۆك بەرهەم ساڵح هەوڵەكانی دور لە چاوی میدیاكان چڕكردۆتەوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، بەشێوەیەك چارەسەرەكە لەگەڵ دەستوری عێراق و دانیشتوانی شارەكە بگونجێت و لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش گرفتی بۆ دروست نەكرێت.

هاوشێوەی مرافەعە گەورەكەی مامجەلال، لەئێستادا سەرۆك كۆماری عێراق سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەییە بۆ پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان

 

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ئامادەنەبو ناوی بهێنرێت بە خەندان-ی راگەیاند،"هاوشێوەی مرافەعە گەورەكەی مامجەلال، لەئێستادا سەرۆك كۆماری عێراق سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەییە بۆ پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی،"لە ئێستادا سەرۆك بەرهەم دور لە موزایەدەی سیاسی و لەپێناو رازیكردنی تەواوی پێكهاتەكانی شاری كەركوك و بەلەبەرچاوگرتنی رەهەندە مێژویی و نەتەوەییەكانی شاری كەركوك، سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنوسێكە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی باڵا لە سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق پێكهێنراوە تا بەزوترین كات دەستبكرێت بە هەنگاوەكانی چارەسەركردنی پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان".

هەرچەندە بەپێی دەستوری عێراق و لە ماددەی 140 دا قۆناغەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دیاریی كراون، بەڵام 16 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی بەعسدا تێپەڕیوە، هێشتا نەتوانراوە، لەڕێگەی دەستورەوە چارەسەری دۆخی كەركوك بكرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP