فراكسیۆنە كوردیەكانی پەرلەمانی عێراق داوای بەهاناوەچونی دانیشتوانی خانەقین دەكەن

- 5/18/2019 10:11:00 PM 1413 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن، له‌سنوری خانه‌قین و گونده‌كانی  ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن تیرۆرستان و چه‌ند ده‌ستێكی ره‌شی نادیاره‌وه‌، به‌به‌رده‌وامی هه‌وڵی شێواندن و زیانپێگه‌یاندنی هاووڵاتیان و جوتیارانی ناوچه‌كه‌ ده‌درێت، داواش لە سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و حكومەتی هەرێم دەكەن بێنە سەر هێڵ.

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق رایانگەیاندوە "لە ئێستادا دانیشتوانی خانەقین، له‌به‌رده‌م دۆخیَكی ناهه‌مواردا ده‌ژین و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی به‌جیَهیَشتنی به‌كۆمه‌ڵی ناوچه‌كه‌و زه‌وی و زاری جوتیاراندان، ئیَمه‌ش وه‌ك نویَنه‌رانی كورد، ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌نێو په‌رله‌مانی عیراق وروژاند، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان روی راسته‌قینه‌ی ئه‌م ناحه‌قیانه‌ ببین و چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌ بدۆزنه‌وه‌".

دەقی راگەیەندراوەكە:


بۆ رای گشتی 

بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان 

وه‌ك لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌سنوری خانه‌قین و گونده‌كانی  ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن تیرۆرستان و چه‌ند ده‌ستێكی ره‌شی نادیاره‌وه‌، به‌به‌رده‌وامی هه‌وڵی شێواندن و زیانپێگه‌یاندنی هاووڵاتیان و جوتیارانی ناوچه‌كه‌ ده‌درێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر  له‌ 40 شه‌هیدی هاووڵاتی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سنوره‌كه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌و زیانێكی زۆری ماددیشی به‌ناوچه‌كه‌ گه‌یاندوه‌.

وه‌ك دیاره‌  هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و ئێستا له‌كاتی دروێنه‌كردنی ره‌نجی یه‌ك ساڵه‌ی جوتیارانی سنوره‌كه‌، ئه‌م ده‌سته‌ ره‌شه‌ هه‌ستاون  به‌ سوتاندنی ده‌خڵ و دانی هاووڵاتیان و ئاگر تێبه‌ردان و رووخاندن و بۆمبڕێژكردنی زه‌وی و زاری گونده‌كان،  له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا چوار هاووڵاتی  شه‌هیدبوون  كه‌یه‌كێكیان مامۆستایه‌.

 بۆیه‌، سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌و ئه‌و هه‌وڵ و پیلانه‌ ره‌شانه‌ی تیرۆرستان و ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه‌ چاویان  به‌ئارامی و پێگه‌وه‌ ژیانی شاره‌كه‌ هه‌ڵنایه‌ت، پێویسته‌ ده‌ست به‌جێ، سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو، سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق،  لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێنه‌ سه‌ر هێڵ و رێگه‌ی پێویست و خێرا بگرنه‌ به‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌ و زوڵم و سته‌مه‌ی به‌رامبه‌ر به‌شاری خانه‌قین و دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كرێت.

له‌ئیَستادا هه‌مووان، له‌به‌رده‌م دۆخیَكی ناهه‌مواردا ده‌ژین و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی به‌جیَهیَشتنی به‌كۆمه‌ڵی ناوچه‌كه‌و زه‌وی و زاری جوتیارانداین، ئیَمه‌ش وه‌ك نویَنه‌رانی كورد، ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌نێو په‌رله‌مانی عیراق وروژاند، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌م ناحه‌قیانه‌ ببین و چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌ بدۆزنه‌وه‌.

سڵاو له‌رۆحی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدان، سڵاو  له‌سه‌ربه‌رزی و خۆڕاگری خه‌ڵكی خانه‌قین و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری.

فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق 

18-5-2019


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP