سلێمانی؛ خەلیفە ناھی بە دەفەکەیەوە ھاوڵاتییان بۆ پارشێو بەخەبەر دەھێنێت

- 5/18/2019 11:14:00 AM 17532 جار خوێندراوەتەوە

خەندان

ژنێکی دانیشتوی شاری سلێمانی لە مانگی رەمەزاندا، شەوانە بە دەف لێدان لەنێو گەڕەکەی دەگەڕێت و ھاوڵاتییان بۆ پارشێو بەخەبەر دەھێنێت.

ناھی عارف، ژنێکی تەمەن 60 ساڵانی دانیشتوی گەڕەکی کارێزە وشکی شاری سلێمانییە، ئەو ماوەی سێ ساڵە لە رێگەی دەف لێدانەوە شەوانە لە ماڵ دێتە دەرەوە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە دانیشتوانی گەڕەکەکەی بۆ پارشێو بەخەبەر بھێنێتەوە.
ناھی لە منداڵییەوە بە رێبازی سۆفیگەری سەرسام بوە بەو ھۆیەشەوە لەناو خەڵکدا بە خەلیفە ناھی ناسراوە

 

ناھی خێزاندارە و لە منداڵییەوە بە رێبازی سۆفیگەری سەرسام بوە بەو ھۆیەشەوە لەناو خەڵکدا بە خەلیفە ناھی ناسراوە، ئەو ھاوشێوەی سۆفییەکانی تر عاشقی ژەنینی دەفە کە زیاتر لە زیکر و تەھلیلەکانیاندا دەیژەنن.

ناھی دەڵێت لە منداڵییەوە ھێندە شەیدای دەف ژەنین بوە سەرەتا بە سینی خۆی فێر کردوە و ئێستاش دەف ژەنێکی باشە و لە زیکر و تەھلیلەکاندا بەشداری دەکات.

دەف ژەنین لە کاتی پارشێواندا و چەند رێگەیەکی تری بەخەبەرھێنانەوەی ئەو کەسانەی لە مانگی رەمەزاندا بەرۆژو دەبن لە کۆندا بەکارھاتوە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا و بەھۆی تەکنەلۆجیا و ھاتنی ئامێری نوێ ئەو جۆرە رێگایانە باوی نەماوە.
چەندێک بتوانم بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەو شێوەیە چەند گەڕەکێکی دەورووبەری خۆمان دەگەڕم

 

شەوانە لە کاتژمێر 2:00ی شەو بەکاتی ھەرێمی کوردستان خەلیفە ناھی بە دەف ژەنین و وتنی سەڵاواتەوە لە ماڵەکەی خۆی دێتە دەرەوە، وەک خۆی دەڵێت، چەندێک بتوانێت بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەو شێوەیە چەند گەڕەکێکی دەورووبەری خۆیان دەگەڕێت و خەڵکەکە بەخەبەر دەھێنێتەوە.

خەلیفە ناھی لە بارەی کارەکەیەوە بە ئانادۆڵ-ی وت، "ماوەی چەند ساڵێکە دەستم بە دەف ژەنین کردوە لە کاتی پارشێوان لە مانگی رەمەزاندا ، ئەوەش حەز و خولیایەکی خۆمە و بەو کارە مێشکم ئاسودە دەبێت و ھەست دەکەم کە کارێکی باش دەکەم و لەلای خوداش ون نابێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP