"دەتوانرێت بە یەک هەفتە پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە"
حەسەن جیهاد: یەکێتی حەقی شەرعی خۆیەتی پارێزگاری کەرکوک هی خۆی بێت

- 5/18/2019 10:45:00 AM 4629 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، پێویستە پارتی بگەڕێتەوە کەرکوک و لەگەڵ یەکێتی پرسی پارێزگاری شارەکە یەیەکلایی بکەنەوە، دەشڵێت، "یەکێتی حەقی شەرعی خۆیەتی پارێزگاری کەرکوک هی خۆی بێت".

سەرۆکایەتی کۆمار بڕیاریداوە لیژنەی ماددەی 140 دروستبکرێتەوە

 

حەسەن جیهاد، وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی پەیام رایگەیاند، "دۆخێک هاتوەتە پێشەوە هەمو لایەنەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی، بەرپرسیارێتی ئەوە نیە خەڵکێک لە خۆیەوە لە فەیسبوک بڵێت سەرۆکایەتی کۆمار بۆ قسە ناکات لەسەر ئاوایی پەڵکانە، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی کۆمار بڕیاریداوە لیژنەی ماددەی 140 دروستبکرێتەوە، پێویستە هەمو لایەنەکان کاری بۆ بکەن و پرسەکە ببرێتەوە پەرلەمان و دەنگی بۆ بدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رابردودا لیژنەیەکی کاتی بۆ ماددەی 140 هەبوە، ئەو یەکێک بوە لە ئەندامانی لیژنەکە، ئێستا بڕیاردراوە ئەو لیژنەیە دروستبکرێتەوە، کە نوێنەر تورکمان و عەرەبی تێدابوە و حکومەتی عێراقیش وەزیرێک بۆ جێبەجێکردنی دابنێت هاوشێوەی جاران.

یەکێتی لە کەرکوک هێزی یەکەمە و بە عەرەب و تورکمان هێندەی یەکێتی دەنگی نەهێناوە

 

حەسەن جیهاد دەشڵێت، "پێویستە پارتی بگەڕێتەوە کەرکوک، یەکێتی لە کەرکوک هێزی یەکەمە و بە عەرەب و تورکمان هێندەی یەکێتی دەنگی نەهێناوە لە پارێزگای کەرکوک، یەکێتی حەقی شەرعی خۆیەتی پارێزگاری کەرکوک هی خۆی بێت".

رونیشیکردەوە، "پارتی تەنانەت ناگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، بەرژەوەندی کورد لەوەدایە بێن رێکبکەون، دەبێت واقعی بین یەکێتی مافی خۆیەتی داوای پارێزگاری کەرکوک دەکات، چونکە شەش کورسی بەدەستهێناوە".

نەک هەر لە کەرکوک، بەڵکو لە مەندەلی ناوچەی پارتی عەسائیبی تێدایە، کۆمیتەی یەکێتی بەدری تێدایە

 

لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک کە پارتی داوای دەکات حەسەن جیهاد وتی، "پێویستە بچن باسی بکەن، ئێمە لە بەغدا باسمان کردوە، کە نەک هەر لە کەرکوک، بەڵکو لە مەندەلی ناوچەی پارتی عەسائیبی تێدایە، کۆمیتەی یەکێتی بەدری تێدایە، لە جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە کەس بارەگای نیە، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و دەبێت بچن لەگەڵ لایەن سیاسیەکان چارەسەری بکەن".

دەتوانن بە یەک هەفتە پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکەنەوە

 

لەبارەی پارێزگاری کەرکوکەوە کە ئێستا لەلایەن راکان جبوری، لە پشکی سونەکانەوە بەڕێوەدەبرێت حەسەن جیهاد دەڵێت، "ناڵێن پارێزگارێکیان هێناوە شۆڤێنیە، ناڵێن پارێزگارێکیان هێناوە و زەوییەکانمانی داگیرکردوە، فەرموون دەتوانن بە یەک هەفتە ئەم یەکلایی بکەنەوە، کێ دەستیگرتون".

ئەوەشی خستەڕو، دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک ئەگەر رێککەوتنی کوردی لەسەر بێت تواناو دەسەڵاتەکانی زیاتر دەبێت، چونکە شارەکە زۆرینەی کوردە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا بەردەوام کورد یەکەم بوە.


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP