لە هەنگاوێكی نوێدا زاناكان ئامێرێك بۆ "خوێندنەوەی مێشك" بەرهەمدەهێنن

- 5/17/2019 8:34:00 PM 3000 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جەڵتەی مێشك، ئیفلیجی یاخود هەندێك حاڵەتی دیكە كە زەبر بە تەندروستی دەگەیەنن دەبنە هۆی ئەوەی توشبوەكە نەتوانێت بدوێت، خێرایی پەیوەندیكردنی ئەو جۆرە كەسانە لەڕێگەی چاویانەوەیە كە سنوردارە و تەنها (هەشت بۆ 10 وشە لە خولەكێكدا وەردەگرن)، لەكاتێكدا كەسێكی ئاسایی خێرایی وەرگرتنی وشەكانی لەنێوان 120 بۆ 150 وشەیە لە یەك خولەكدا.

لەگەڵ ئەوەدا ماوەیەكی زۆرمان لەپێشدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو كەسانەی توشی ناڕێكی قسەكردن بون، ژمارەیەك زانا لە زانكۆی كالیفۆرنیا-سان فرانسیسكۆ لە ئەنجامی توێژینەوەیەكیاندا توانیویانە وشە و رستە لە هزری ئەو كەسانە دروستبكەن كە توانای قسەكردنیان سنوردارە و بە سەختی دەتوانن بدوێن، بەپێی وتەی ئەو زانایانە، ئەو كارە ئەوە دەسەلمێنێت كە رۆژێك دێت دەتوانن وشەكانی خەیاڵ بەرجەستە بكەن و بخوێننەوە.

ئێدوارد چانگ، پزیشكی پسپۆڕ لە بواری مێشك و دەمار و یەكێك لەو توێژەرانەی ئەو داهێنانەیان ئەنجامداوە بیرۆكەی كارەكەیان روندەكاتەوە و دەڵێت "تەنها كەمینەیەك دەزانن چۆن بیرۆكەكانمان دەبنە وشە و لە رێگەی دەمەوە بە شێوەی قسەكردن دەخرێنەڕوو، راستیەكەی ئەوەیە مێشك بیرۆكەكانی هزر وەردەگێڕێت بۆ هەندێك جوڵە لە سندوقی دەنگماندا و بەوشێوەیە دەدوێین".

 چانگ و هاوڕێكانی سەرەتا هەوڵیانداوە لە رێگەی دەمارەكانی مێشكی ئەو كاسانەوە كە توشی پەركەم هاتون چالاكیەكانی ئەو ناوچانەی مێشك تۆماربكەن كە بەرپرسیارە لە كۆنترۆڵكردنی زمان و لێوەكان و ماسولكەكانی قورگ، دواتر لەریگەی بەكارهێنانی یاساكانی ئالگۆریتمەوە بە بەكارهێنانی كۆمپیوتەر توانیویانە جوڵەی سروشتی ئەو وشانە تۆماربكەن و ئەو جوڵانە بگۆڕن بۆ رستەی بیستراو.

سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بەو ئاستە بەرزە نیە كە بە تەواوی وشەكان بدات بە دەستەوە و دەنگەكان تەنها لە شێوازی دەربڕینی وشەكانەوە نزیكە، بەڵام زاناكان پێیان وایە بۆ كەسێكی خاوەن پێدوایستی تایبەت لە بواری بیستندا ئەوە هاوكارێكی باش دەبێت.

چانگ دەڵێت، ئەو لێكۆڵینەوەیە بۆ خوێندنەوەی خەیاڵ بەكارناهێنرێت و تەنها ئەو وشانە دەردەبڕێت كە كەسەكە دەیەوێت بیڵێت، لە بەرامبەریشدا زاناكانی دیكە دەپرسن "چۆن دەكرێت تەنها ئەو وشانە جیابكرێتەوە كە كەسكە دەیەوێت دەریببڕێت"، لەوباریەوە چانگ رایگەیاندوە كارەكانیان بەوهۆیەوە سەختە و دەیانەوێت تەنها ئەو وشانەی كەسەكە دەیەوێت بیڵێت جیابكەنەوە.

پێشتریش لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چەندین لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەوباریەوە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەم توێژینەوە  نوێیە یەكەمینە لەناو ئەوانی دیكەدا كە دەتوانێت رستەی تەواو بەشێوەیەكی نزیك دەرببڕێت.

توێژینەوەكە بوەتە جێگەی دڵخۆشی بۆ شارەزایانی ئەو بوارە، بەڵام توێژەرەوەكان دەڵێن تەكنەلۆژیاكە هێشتا ئامادە نیە بۆ بەكارهێنانی لە بواری تەندروستیدا، جەیمی هێندێرسن، یەكێكە لە پرۆفیسۆرەكانی بواری زانستی دەمار دەڵێت "پێدەچێت لە 10 ساڵی داهاتودا ئەو سیستەمە پەرەوی تەواوی پێبدرێت و بتوانن بەكاریبهێنن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP