نیویۆرك تایمز: ترەمپ بە وەزارەتی بەرگری راگەیاندوە نایەوێت لەگەڵ ئێران جەنگ روبدات

- 5/16/2019 10:50:00 PM 4836 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەیەكی ئەمریكی رایگەیاند، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە وەزیری بەرگری وڵاتەكەی راگەیاندوە، نایەوێت لەگەڵ ئێران جەنگ بەرپا بكات.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی كۆشكی سپیەوە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری وڵاتەكەی راگەیاندوە "نایەوێت لەگەل ئێران بكەویتە جەنگەوە".

بەپێی رۆژنامەكە، ئەو وتانەی ترەمپ بۆ شاناهان لەمیانی كۆبونەوەی ئەندامانی ئیدارەكەیدا بوە كە دوێنێ چوارشەممە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و وڵاتەكەی لە كۆشكی سپی كۆبونەوەیان ئەنجامداوە.

ئێران لە ئاوەكانی كەنداوی عەرەب موشەكی جێگیركردوە


رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە "دەزگای هەواڵگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایانگەیاندوە ئێران لە نزیك ئاوەكانی كەنداوی عەرەب  ژمارەیەك موشەكی لەنێو بەلەمی بچوكدا جێگیركردوە و ئەوەش مەترسی ئەگەرەكان بۆ هێرشكردنە سەر یەكینەكانی هێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندیەكانی زیاتردەكات".

ترەمپ جەختی كردوەتەوە كە نایەوێت پێكدادانی سەربازی لەگەڵ ئێران روبدات


نیویۆرك تایمز راشیگەیاندوە، بەگوێرەی زانیاریەكان كە لە كەسێكی ناو كۆبونەوەكەوە پێیان گەیشتوە لە كۆبونەوەكەدا "هیچ زانیاریەكی نوێ لە بەرژەوەندی بەردەوامی كاركردن لەگەل ئێران نەخراوەتە بەردەم ترەمپ، بەڵام ترەمپ جەختیكردوەتەوە كە نایەوێت هیچ پێكدادانێكی سەربازی لەگەڵ ئێران روبدات".

 ئەو راگەیەندراوەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "نایەوێت وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران جەنگ ئەنجامبدات".

دوێنێ چوارشەممە رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە رایگەیاند "ترەمپ لەبارەی بۆچونی راوێژكارەكانیەوە نیگەرانە كە هەوڵی جەنگ دژ بە ئێران دەدەن".

هاوكات دوێنێ چوارشەممە ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "هەواڵەكان لەبارەی نەگونجان و رێكنەكەوتن لە ئیدارەكەیدا بەتایبەت لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی و جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راست نیە".



ئاماژەی بەوەشكردوە "را و بۆچونی جیاواز پێشنیار دەكرێت و لە كۆتاییدا خۆی بڕیاری یەكلاییكەرەوە و كۆتایی دەدات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP