ترەمپ: هیواخوازم لەگەڵ ئێران نەكەوینە جەنگەوە
هێشتا كۆنگرێس لەبارەی جەنگ دژ بە ئێران بڕیاری نەداوە

- 5/16/2019 9:42:00 PM 5430 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، تا ئێستا كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی جەنگی دژ بە ئێران بڕیاری نەداوە، ترەمپ-یش دەڵێت هیواخوازە وڵاتەكەی جەنگ لەگەڵ ئێران نەكات.

كۆنگرێس مۆڵەتی جەنگی نەداوەتە ئیدارەی ترەمپ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نانسی پێلۆسی، وتەبێژی كۆشكی سپی لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "كۆنگرێس مۆڵەتی بەرپاكردنی جەنگی دژ بە ئێران نەداوەتە ئیدارەی ترەمپ".

ترەمپ نایەوێت لەگەڵ ئێران بجەنگێت


نانسی پێلۆسی كە لە هەمان كاتدا بەرپرسێكی دیموكراتەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانە ئاماژەی بەوەكرد "پێی خۆشە كە دەبیستێت ترەمپ نایەوێت لەگەڵ ئێران بجەنگێت".

ترەمپ لە بۆچونی راوێژكارانی سەبارەت بە جەنگی دژ بە ئێران نیگەرانە


ئەو وتانەی پێلۆسی لە بەرامبەر بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمریكیە كە دوێنێ چوارشەممە لە زاری بەرپرسێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە رایگەیاند "ترەمپ لەبارەی بۆچونی راوێژكارەكانیەوە نیگەرانە كە بە مەبەستی جەنگ دژ بە ئێران هەوڵدەدەن".

رێكاری دیپلۆماتی و گفتوگۆی راستەوخۆی پێ باشترە


رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەكردوە "ترەمپ لەبارەی بۆچونی هەندێك لە راوێژكارە باڵاكانی بۆ روبەڕوبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران نیگەرانە و بەڕای ئەو رێكاری دیپلۆماتی و گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران پێ باشترە".

 بەرامبەر هەوڵەكانی بۆڵتن و پۆمپیۆ بۆ جەنگ دژ بە ئێران بێزاری خۆی دەربڕیوە


راپۆرتەكەدا لە زاری بەرپرسێكی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە رایگەیاندوە"ترەمپ لە ماوەی هەفتەی رابردو و كۆتایی هەفتەدا لەمیانی كۆبونەوەكانیدا لەگەڵ هەریەك لە جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بێزاری خۆی دەربڕیوە لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ بڕیاردان لە بەرپاركردنی جەنگ دژ بە ئێران".

پێلۆسی راشیگەیاندوە "ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیدارەی كۆماریەكان لەبارەی ئێرانەوە پوختەیەك دەخەنە بەردەستی هەشت ئەندامی باڵای كۆنگرێس".

هیواخوازە لەگەڵ ئێران نەكەوێتە جەنگەوە


لە لایەكی دیكەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی پێشوازیكردنی لە ویلی مۆخێخ، سەرۆكی سویسرا، كە یەكێكە لەو وڵاتانەی رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكان دەبینێت رایگەیاند "هیواخوازە وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران نەكەوێتە جەنگەوە".

گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە سەرەتای مانگی ئایارەوە زیاتر بوە، دوای ئەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا رایگەیاند "وڵاتەكەی كەشتی فڕۆكە هەڵگر و هێزی موشەكی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP