بارزانی نامەیەكی پابەندێتی ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ كردوە
عارف تەیفور:"كاك مەسعود بەڵێنی بە كاك كۆسرەت داوە، كە لەسەر پارێزگارێك بۆ كەركوك رێكبكەوین"

- 5/16/2019 8:16:00 PM 25484 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی تەئكیددەكاتەوە لەسەر پابەندبونی مەسعود بارزانی بە بەڵێنەكەی داویەتی بە كۆسرەت رەسول لەسەر پرسی كەركوك و بەغداد، سەركردایەتیەكی یەكێتیش رایدەگەیەنێت بارزانی بە نامەیەك وەڵامی كۆسرەت رەسوڵی داوەتەوە.

عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو قسانەی كردومانە پابەندین پێیەوە، دوای پێكهێنانی حكومەت، هەوڵ دەدەین دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، دوای ئاسایكردنەوەی كەركوك و گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئێمە دەتوانین پارێزگارێكی بۆ دابنێین و بەهەمو لایەك هەوڵ بدەین دۆخەكە چاكبكەینەوە".

عارف تەیفور وتیشی،"كەس دیاریی نەكراوە بۆ ئەوەی بكرێتە پارێزگار، بەڵام گرنگ ئەوەیە كەسێكی رێكوپێك و بێلایەن بێت و یەكێتی و پارتی لەسەر كەسێتیەكەی رێك بكەون".

سەبارەت بەو بەڵێنەی پێشتر لەنێوان مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت و پرسی كەركوك ئەنجامدرابو، عارف تەیفور رایگەیاند،"كاك مەسعود بەڵێنی بە كاك كۆسرەت داوە، كە لەسەر پارێزگارێك رێكبكەوین، كە بەدڵی هەردولامان بێت و بۆچونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش بە هەند وەردەگرین، لەسەر دانانی ئەو پارێزگایە".

سەبارەت بەوەی پارتی ئاساییە بەلایەوە ئەگەر یەكێتیەك بكرێتە پارێزگاری كەركوك، عارف تەیفور وتی،"گرنگ ئەوەیە بەشداری 16 ی ئۆكتۆبەر نەبێت، چونكە ئێمە 16ی ئۆكتۆبەر رەتدەكەینەوە، دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بە دڵنیایی پرسی كەركوك گفتوگۆی لەسەر دەكرێتەوە".

دەبێت دۆخی كەركوك ئارام بكەینەوە و بگەڕێتەوە دۆخی جارانی و پێشمەرگە ئەو كاتە دەتوانرێت پارێزگار دانرێت، ئەگەر وانەبێت كەس حسابی بۆ ناكات

 

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی وتیشی،"دەبێت دۆخی كەركوك ئارام بكەینەوە و بگەڕێتەوە دۆخی جارانی و پێشمەرگە ئەو كاتە دەتوانرێت پارێزگار دانرێت، ئەگەر وانەبێت كەس حسابی بۆ ناكات".

لەبارەی پابەندێتی كۆسرەت رەسوڵ بەو بەڵێنەی بە كاك مەسعودی دابو لەسەر پرسەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی حكومەت وتی،"تاكو ئێستا باش رۆشتوە".

مه‌سعود بارزانی‌ لە نامەیەكدا بۆ كاك كۆسرەت جه‌ختیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌كو پارتی‌ له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ خۆیانن و ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی پێشتر ئه‌نجامیانداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی كه‌ركوك تێكناده‌ن

 

هەر سەبارەت بەو پرسە، سامان گەرمیانی ئەندامی سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە"مه‌سعود بارزانی‌ لە نامەیەكدا بۆ كاك كۆسرەت جه‌ختیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌كو پارتی‌ له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ خۆیانن و ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی پێشتر ئه‌نجامیانداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی كه‌ركوك تێكناده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوای‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت، وه‌فدێكی‌ هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی‌ سه‌ردانی‌ به‌غدا بكه‌ن و ئه‌و پرسه‌و دانانی‌ وه‌زیری دادیش له‌كابینه‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی یه‌كلابكرێته‌وه‌".

لەسەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناكۆكییەكی قوڵ لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەبو، دوا ئەوەی شاندی هەردولا چەندین كۆبونەوەیان ئەنجامدا و نەگەیشتنە رێكەوتن، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، كۆبونەوەی دوقۆڵیان ئەنجامدا.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەرەتا داوای دەكرد، پارتی و یەكێتی لەسەر سەرجەم كێشەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك و بەغداد و ناوچەكە بەیەك پاكێج رێككەوتنی نێوانیان ئەنجامبدەن، ئەوەش بەشێك بو لە هۆكارەكانی رێكنەكەوتنی شاندی هەردولا.

لە كۆبونەوەی نێوان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، هەردولا بەڵێنیان بەیەكتر دابو لەپێناو گەیشتنە رێكەوتنی پارتی و یەكێتی و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، پێداگیری لەسەر بەشێك لە خواست و داواكارییەكانیان بكەن

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، لە كۆبونەوەی ئەوكاتی نێوان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، هەردولا بەڵێنیان بەیەكتر دابو لەپێناو گەیشتنە رێكەوتنی پارتی و یەكێتی و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، پێداگیری لەسەر بەشێك لە خواست و داواكارییەكانیان بكەن.

هەر بەپێی زانیاریەكان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی، لە بەڵێنێكیدا بە بارزانی، پرسەكانی هەرێمی كوردستان و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی لە پرسی كەركوك و بەغداد جیاكردەوە، لە بەرامبەریشدا بارزانی بەڵێنی دابو كە دوای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نۆ، هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە.

لە ئێستادا بە دەنگی هەریەك لە پارتی و گۆڕان و یەكێتی، كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمان پەسندكراوە و یەكێتی و پارتیش رێككەوتنی كۆتاییان لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ئەنجامداوە، ئەوەش بەبڕوای شرۆڤەكارانی سیاسی بەشێك بوە لە پابەندبونی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەو بەڵێنەی بە بارزانی دابو، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا بارزانیش پابەند دەبێت بەو بەڵێنەی لەسەر كەركوك و بەغداد بە كۆسرەت رەسوڵی داوە؟



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP