كۆشكی سپی هۆشداری دەداتە ئێران

- 5/16/2019 7:52:00 PM 15971 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی كۆشكی سپی بە زمانێكی توند پەیامێكی هۆشداری دایە بەرپرسانی ئێران و رایگەیاند "ئەگەر هەر هەنگاوێك بنێن دەرەنجامەكەی دڵخۆشكەر نابێت".

چاوەڕێ دەكەن هەڵسوكەوتی تاران بگۆڕێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن بە بەرپرسانی حكومەتی ئێرانی رایگەیاند "وڵاتەكەی چاوەڕێی ئەوە دەكات گۆڕانكاری لە هەڵسوكەوتی ئێرانیەكاندا روبدات، بەڵام لە ئەگەری هەنگاونانیان بەرەو پێشەوە ئەنجامەكەی بۆ تاران دڵخۆشكەر نابێت".

 

ئەو لێدوانەی ساندەرز كۆتا هۆشداری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە بۆ حكومەتی تاران، كە پێشتر لە راپۆرتەكانی دەزگای هەواڵگریدا ئاماژە بەوەكراوە ئێران دەیەوێت هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە سەرەتای مانگی ئایارەوە زیاتر بوە، دوای ئەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا رایگەیاند "وڵاتەكەی كەشتی فڕۆكە هەڵگر و هێزی موشەكی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP