شارەزایەکی خۆراک لەسەر بەکارهێنانی کاغەزی ئەلەمنیۆم بۆ برژاندنی خۆراک رونکردنەوە دەدات

- 5/16/2019 6:12:00 PM 12951 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەندازیارێکی خۆراک رایگەیاند، بە کارهێنانی کاغەزی ئەلەمنیۆم بۆ برژاندنی خۆراک لە فڕندا زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و نابێت بەکاربهێندرێت.
ئەو ئەلەمنیۆمەی بەكاردێت كوالیتی نی یە و لەبەر گرانی ئەلەمنیۆم بەشی زۆری لە موادی نایلۆن تێكەڵ دەكرێت و بەناوی ئەلەمنیۆم دەفرۆشرێت

 

لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، بە کارهێنانی كاغەزی ئەلەمنیۆم بۆ برژاندنی خۆراك لەناو فڕن دا بە تایبەتی ماسی گۆشت و مریشك و تەماتە و پەتاتە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، چونکە ئەو ئەلەمنیۆمەی بەكاردێت كوالیتی نی یە و لەبەر گرانی ئەلەمنیۆم بەشی زۆری لە موادی نایلۆن تێكەڵ دەكرێت و بەناوی ئەلەمنیۆم دەفرۆشرێت.

ئەو ئەندازیارەی خۆراک نوسیویەتی: لە ئێستادا به‌كارهێنانی كاغه‌زی ئه‌له‌منیۆم بۆ چێشت لێنان به‌ فراوانی به‌كارده‌هێنرێت، شاره‌زایان هۆشداری ده‌ده‌ن و داوا ده‌كه‌ن ده‌ستبه‌جێ بوه‌ستن له‌ به‌كارهێنانی كاغه‌زی ئه‌له‌منیۆم، چونکە زیانی زۆر گه‌وره‌یان بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌.

دەشڵێت: توێژینه‌وه‌كان باسلەوەدەکەن، كاغه‌زی ئه‌له‌منیۆم كاتێك خواردنه‌كانی پێ ده‌پێچرێ و ده‌خرێته‌ ناو فڕنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رز ئه‌له‌منیۆم ده‌ست به‌ توانه‌وه‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵ خۆراكه‌كه‌ تێكه‌ڵ ده‌بێ و گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ دروست ده‌كات.

نوسیویەتی، زۆربوونی ئه‌له‌منیۆم له‌ جه‌سته‌ ده‌بێته‌ هۆی تووشبون به‌ نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر و داخورانی ئێسك و به‌ خێرایی جه‌سته‌ی مرۆڤ له‌ناو ده‌بات، گرفتی گه‌وره‌ بۆ گورچیله‌ و مێشك و ڕژێنی ده‌ره‌قی و جگه‌ر دروست ده‌كات و كۆئه‌ندامی ده‌مار تێك ده‌دا.
به‌كارهێنانی كاغه‌زی ئه‌له‌منیۆم بۆ برژاندنی ته‌ماته‌ و لیمۆ و په‌تاته‌ و روه‌كه‌كان زیانه‌كانی دو هێنده‌ مه‌ترسیدارترن لە خۆراکەکانی دیکە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، به‌كارهێنانی كاغه‌زی ئه‌له‌منیۆم بۆ برژاندنی ته‌ماته‌ و لیمۆ و په‌تاته‌ و ڕوه‌كه‌كان زیانه‌كانی دو هێنده‌ مه‌ترسیدارتر ده‌بن، بۆیه‌ به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك پێویسته‌ له‌ به‌كارهێنانی كاغه‌زی ئه‌له‌منیۆم بۆ دروست كردنی خواردن دور بكه‌وینه‌وە.


نیشانەکردن :

#تەندروستی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP