لەسەر دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید، جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

- 5/16/2019 5:39:00 PM 7205 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت"ئەم سیناریۆ بێبەھایە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسیە".

لەو راگەیەندراوەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەم سیناریۆیە تێدەپەرێنێت و لەجاران بەھێزتر بەردەوام دەبێت لە دژایەتی گەندەڵی و بەرگریکردن لەمافەکانی خەڵک و سەروەرکردنی یاسا".

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەكەیە:

راگەیەندراوێک لەجوڵانەوەی نەوەی نوێ-وە

وەک رێزگرتنی بەردەوامی لەیاسا، ئەمرۆ بەرێز (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چووە بەردەم دادگاو پاش وەرگرتنی وتەکانی لەلایەن دادوەری ئاسایشەوە، ھێزێکی سەر بەئاسایشی یەکێتی بەرەو شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە، راگرتنی سەرۆکی جوڵانەوەکە درێژەی ئەو ھێرشە نارەوایەیە کە یەکێتی بەمەبەستی لاوازکردنی نەوەی نوێ دەستی پێکردوەو، چەندین دامەزراوەی ئەمنی و حکومی لەخزمەتی ھێرشەکەیدا بەکاردەھێنێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت کە ئەم سیناریۆ بێبەھایە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسیە و ئامانج لێی کپکردنی ھەموو دەنگێکی ئازاو بوێرە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو پیلان و گەمە ناشرینانەی ئەوانەوە، ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم سیناریۆیەش تێدەپەرێنێت و لەجاران بەھێزتر بەردەوام دەبێت لە دژایەتی گەندەڵی و بەرگری کردن لەمافەکانی خەڵک و سەروەرکردنی یاسا.

داواش دەکەین دادگاو یاساناس و دادوەرە بەرێزەکان رۆڵی خۆیان ببین و رێگەنەدەن دادگاکان لەململانێ سیاسیەکاندا بەکاربھێنرێن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
١٦-٥-٢٠١٩


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP