بریتانیا ئاستی هۆشداری بۆ سەربازانی خۆی لەعێراقدا بەرزکردەوە
"دۆخەکە لەئاستێکی مەترسیداردایە"

- 5/16/2019 4:09:00 PM 4110 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزارەتی بەرگری بریتانیا ئاستی هۆشداری بۆ سەربازان و دپلۆماتکارانی خۆی لەعێراق بەرزکردەوە و رایگەیاند "دۆخەکە مەترسیدارە".

بەپێی هەواڵێکی دەیلی مەیلی بریتانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی بەرگری بریتانیا ئاستی هۆشیاری بۆ سەربازانی  و دپلۆماتکارانی خۆی لەعێراق بەرزکردەوە و دۆخەکەی بەمەترسیدار لەقەڵەمدا.

ئەم هەنگاوەی بریتانیا پاش بڕیارەکەی دوێنێی ئەمریکا هات کە تێیدا داوای کشانەوەی بەشێک لەستافەکەی لەعێراق کردبو بەئەگەری بونی مەترسی هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەریان.
فەرماندەیەکی سەربازی بریتانیا دۆخەکە بەوجۆرە نابینێت
ئەمریکا جەختی لەسەر بونی هەڕەشە لەسەر سەربازانی رۆژئاوا لەعێراق کردەوە، لەکاتێکدا ژەنەرال کرایس غیکا فەرماندەی هێزەکانی بریتانیا راگەیاندوە هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشداری ستافی سەربازی و دپلۆماسی وڵاتەکەیان لەعێراق نابینێت.
پێدەچێت ئەو هەنگاوەی بریتانیا هاوسۆزی بێت بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەکە 

پێدەچێت ئەو هەنگاوەی بریتانیا هاوسۆزی بێت بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەکە کە ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمریکاو ئێران روی لەنائارامی کردوە.

لای خۆشییەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری بریتانیا رایگەیاند تا ئاستێکی زۆر مەترسی لەدۆخی عێراقدا دەبینن و ئەوەش وایکردوە هاوشانی هاوپەیمانەکانی بریتانیا ئەو هەنگاوە بنێت.

وتیشی لەرابردودا هەڵوێستی بریتانیا لەهەمبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رون و ئاشکرابوە و ئەوان نایانەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران دەست بەپیتاندنی یۆرانیۆم و پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP