بریتانیا بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی روسیا دو جار هێزی ناردوەتە باڵتیك

- 5/16/2019 4:07:00 PM 5352 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی بەرگری بریتانیا رایگەیاند، بە مەبەستی روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ فڕۆكە جەنگیەكانی روسیا، لە ماوەی دو رۆژدا حكومەتی لەندەن فڕۆكەی جۆری تایفون-ی ناردوەتە دەریای باڵتیك.

لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری بریتانیادا هاتوە، دوێنێ چوارشەممە ژمارەیەك فڕۆكەی  تایفون-ی بریتانیا بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی دوو فڕۆكەی جەنگی لە جۆری SU-27 و فڕۆكەیەكی IL-22 بەرەو ناوچەكانی باڵتیك و بەرەو ئاراستەی روسیا رۆشتون.

ئاماژەی بەوەشكردوە، سێشەممەی رابردو 14ی ئایار بە مەبەستی وەڵامدانەوەی دوو فڕۆكەی جەنگی روسیا لە جۆری SU-27،  فڕۆكە جەنگیەكانی بریتانیا لە مەیدانەكانی ئاماری لە ئیستۆنیا  بە درێژایی دەریای باڵتیك و بەرەو ناوچەی كاڵینینگارد فڕیون.

ئەوە لەكاتێكدا مانگی رابردو بریتانیا كاروباری هێزی بەرگری ئاسمانی ناوچەی باڵتیك-ی سەر بە ناتۆ (پەیماننامەی باكوری ئەتڵەسی) لە هێزە ئاسمانیەكانی ئەڵمانیا وەرگرت.

مارك لانكاستەر، وەزیری بەرگری بریتانیا رایگەیاند، "ئێمە پێویستە پابەندبین بە پاراستنی سنورەكانی ناتۆ و لە ئەگەری هەر مەترسیەكدا پشتگیری لە هاوپەیمانەكانمان دەكەین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP