"دروستکردنی بەنزینخانە لە نزیک سەرچاوەی ئاو باش نییە"
هەڤاڵ ئەبوبەکر: بە مەرج مۆڵەتمان بە کردنەوەی بەنزینخانەکەی سەرچنار داوە

- 5/16/2019 3:57:00 PM 9089 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

لە دوری تەنها 70 مەتر لە نزیک ئاوی سەرچنار، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی شارەکەیە، بەنزینخانەیەک دروستکراوە، لەکاتێکدا هۆشداری لە دروستکردنی دراوە، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، "بە چەند مەرجێک مۆڵەتمان بە کردنەوەی بەنزینخانەکەی داوە".

پێدانی مۆڵەت بە بەنزینخانەیەک لە سلێمانی لە نزیک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی سەرچنار کە سەرچاوەی ئاوی لەسەدا 20ی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی-یە مشتومڕی زۆری دروستکرد، لە سەر دروستکردن یان دروستنەکردنی، بەڵام دواجار بە چەند مەرجێک مۆڵەتی دروستکردنی پێدرا.

لە روی زانستییەوە دروستکردنی ئەو بەنزینخانەیە کارێکی باش نییە

عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای سلێمانی، بەخەندان-ی راگەیاند، "لە روی زانستییەوە دروستکردنی ئەو بەنزینخانەیە کارێکی باش نییە، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی سەرچاوەی ئاوەکە کۆمەڵێک کێشەی بۆ دروست دەبێت، بەڵام کێشە دروستبو لەسەر دروستکردن و دروستنەکردنەکەی بەنزینخانەکە، چونکە مۆڵەتێکی کاتی پێدرابو، زانکۆی سلێمانی و داواکاری گشتییش ناڕازیبون لەسەر دروستکردنی بەنزینخانەکە".

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی بە چەند خاڵیک رونیکردوەتەوە کە نابێت پرۆژەکە بکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی بە چەند خاڵیک رونیکردوەتەوە کە نابێت پرۆژەکە بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەنزینخانەکە مۆڵەتێکی کاتی پێدرابو، کێشە دروستبو لەسەر ئەوەی دروستنەکرێت، دواجار لیژنەیەکی بۆ پێکهێندرا، کە چەند مەرجێک دانرا بو بۆ جێبەجێکردنی".

پێدانی مۆڵەت بەو بەنزینخانەیە لەکاتێکدایە، کە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چەندینجار هۆشداری داوە لە دروستکردنی ئەو بەنزینخانەیە، چونکە "بە دروستکردنی نیوەی ئاوی سلێمانی ژەهراوی دەبێت".

هەرکات ئاوەکە پیس بو دەبێت کاری بەنزینخانەکە رابگیرێت

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی وتیشی، "دوای دروستکردنی لیژنەیەک، بە مەرج بڕیاری دروستکردنی بەنزینخانەکە درا، کە نابێت بهێڵن تێکەڵ ببکرێت بە ئاوی ژێر زەوی، دواجار بڕیاردرا بە دروستکردنی بیرێک، بۆ ئەوەی رۆژانە یان هەفتانە چاودێری بکرێت، هەرکات ئاوەکە پیس بو دەبێت کاری بەنزینخانەکە رابگیرێت".

بە چەند مەرجێک مۆڵەتمان داوە بەنزینخانەکە دروست بکرێت

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کە مۆڵەتی بە بەنزینخانەکە داوە دەڵێت، "بە چەند مەرجێک مۆڵەتمان داوە بەنزینخانەکە دروست بکرێت"، بەڵام ئامادەنەبو هیچ زانیاریەکی دیکە بۆ خەندان ئاشکرا بکات.

مەهدی مەحمود، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر دروستکردنی ئەو بەنزینخانەیە بۆ خەندان وتی، "ئێمە قسەمان لەگەڵ ئەو لایەنانە کردوە کە مۆڵەتیان بەو بەنزینخانەیە داوە، کە نابێت دروست بکرێت، چونکە یەک لەسەر سێی ئاوی سلێمانی، لەوێوە دابەش دەکرێت".

سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی، "لە ئێستادا بەنزینخانەکە کاری تێدا دەکرێت و لە تەواوبوندایە، بەهۆی ئەوەی چەند مەرجێکیان بۆ داناوە، کە نابێتە هۆی پیسبونی ئاوەکە، هەر کاتێک بوە هۆی پیسبونی ئاوەکە ئەوکاتە بە تەواوی لایدەبەن، کە ئەمەش ناتەندروستە".

ئەو پڕۆژەیە لە سەدا 100 سەرکەوتو نابێت

مەهدی مەحمود رونیکردەوە، "ئەو پڕۆژەیە جگە لەوەی خەرجی زیادەی تێداکراوە بۆ ئەو مەرجانەی کە دانراون، لە سەدا 100سەرکەوتو نابێت، حکومەتیش بەرپرسیارە لە قەرەبوکردنەوەی، دەبو چۆن مۆڵەتی پێداوە، لە شوێنێکی دیکە زەوی پێبدات نەک لەو شوێنە کە مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP