فراكسیۆنی پارتی داوا ده‌كات قوربانیانی ئێزدی به‌ شه‌هید دابنرێن

- 5/16/2019 3:35:00 PM 4910 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 
فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ یاسایه‌كی ئاماده‌كردوه‌ بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی قوربانیانی ئێزدی، داواش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات خه‌ڵكی ئێزدی قه‌ره‌بو بكاته‌وه‌ و ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكاته‌وه‌.

هه‌دیه‌ موراد، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌و تاوانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆرستانی داعش له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئێزدیه‌كان ئه‌نجامدرا، تیایدا ژن و منداڵ و گه‌وره‌ و بچوك كۆمه‌ڵكوژ كران و به‌هه‌زارانیش كه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستی تیرۆرستانی داعش به‌ تایبه‌ت ژنان و منداڵان.

ئاماژەی بەوەشکرد، نیوه‌ی زیاتری گیراوانی ئێزدی رزگار كراون، به‌ڵام تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌ ژێر ده‌ستی داعشن و 300هەزار کەس لەناو کەمپەکانن و لەبارودۆخى خراپدا دەژین، حەوت گۆڕى بەکۆمەڵیش دۆزراونەتەوە و چەندین گۆڕى به‌ كۆمه‌ڵی تریش هەڵنەدراونەتەوە، لە 20% ئاوارەکانى ئێزیدیش کۆچیان بۆ دەرەوەى وڵات کردوە.
پێویستە سه‌رجه‌م شه‌هید و قوربانیانی ئێزدی به‌ شه‌هید دابنرێن و به‌ یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت

 

هه‌دیه‌ موراد دەشڵێت" پرۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌كردوه‌ بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ی ئێزدیه‌كان و پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ین، له‌ پرۆژه‌كه‌دا داوامانكردوه‌ سێی مانگی هه‌شتی هه‌مو ساڵێك بكرێته‌ رۆژی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدیه‌كان، سه‌رجه‌م شه‌هید و قوربانیانی ئێزدی به‌ شه‌هید دابنرێن و به‌ یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان رێنمای پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ ده‌ربكات".

رونیشیکردەوە"، له‌ پرۆژه‌كه‌دا داوامان له‌ حكومه‌تی عێراق كردوه‌ هاوڵاتیانی ئێزدی قه‌ره‌بو بكاته‌وه‌ و ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوانه‌كان و كۆمه‌ڵكوژی ئێزدیه‌كان له‌ لایه‌ن داعش خه‌سڵه‌تی جینۆساید و تاوانی جه‌نگن ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوریه‌كانی عێراق به‌رپرسن له‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP