شاسوار عەبدولواحید دەستبەسەرکرا

- 5/16/2019 2:16:00 PM 8605 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستبەسەرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوە بەردەم دادگای سلێمانی.

شاسوار عەبدولواحید بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستبەسەرکراوە

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمڕۆ چوارشەممە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستبەسەرکرا.

نیگەرانین لەوەى شاسوار عەبدولواحید لەلایەن دادوەرى ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا کراوە نەک دادوەرى دادگا

 

کاوە عەبدولقادر، جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لەبەردەم دادگای سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "نیگەرانین لەوەى شاسوار عەبدولواحید لەلایەن دادوەرى ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا کراوە نەک دادوەرى دادگا".

هەینی رابردو 10ی ئەم مانگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم دانپێدانانی پێنج دەستگیرکراوی نەوەی نوێی بڵاوکردەوە، كە لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستگیركرابون.

ئەو گەنجانەی کە لە گرتە ڤیدیۆکە ئاسایشدا دەرکەوتن رایانگەیاند، لە ژوری بەڕێوەبەردنی پەیجی فەرمی و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن، کە راستەوخۆ لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەوە بەڕێوەدەبرێت.

 خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چوینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردوەتەوە

 

پێش چونی بۆ دادگای سلێمانی، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، "ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چوینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردوەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەی ئێمە و هاوڕێکانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەکانمانە، نەک باجی هەڵە!!، زۆرێک هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئازادانە دەسورێنەوە لەم ولاتەدا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP