ئەمریکا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ڤەنزویلا راگرت

- 5/16/2019 12:55:00 PM 1348 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی تایبەت بەبازرگانی و گواستنەوەی کەلوپەلی بۆ ڤەنزویلا راگرت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی تایبەت بەبازرگانی و گواستنەوەی کەلوپەلی بۆ ڤەنزویلا راگرت.
نائارامی و توندوتیژیی دەوروبەری فڕۆکەخانەکانی ڤەنزویلا هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکەیە

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا نائارامی و توندوتیژیی دەوروبەری فڕۆکەخانەکانی ڤەنزویلای وەک بیانو بۆ دەرکردنی بریارەکەیان هێناوەتەوە.
پێشتر چەندین کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرتبو

پێشتر چەندین کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی بەبیانوی نائارامی و تێکچونی دۆخی ئاسایشی ڤەنزویلا گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرتبو، بەڵام کۆمپانیا ناوخۆییەکانی وەک لاسەرو ئاڤیۆر بەردەوامبون لەگەشتەکانیان بۆ میامی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکان ئەم بریارەی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا لەسەر داوای وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتەبوە کە پێیوابوە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڤەنزویلا ژیانی سەرنشینان و کارمەندەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەوانەکان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا نیگەرانی بەشێک لەخەڵکی ڤەنزویلای لێکەوتەوە کە راگرتنی گواستنەوەی کەلوپەل و خۆراک لەڕێگەی هێڵی ئاسمانییەوە قەیرانێکی دیکەی مرۆیی لەو وڵاتە دروستدەکات، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا وەڵامی ئەو سەرنجانەی نەداوەتەوە.

دۆخی ڤەنزویلا پاش هەلبژاردنەکانی دوساڵی رابردوی ئەو وڵاتە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر چو کاتێک خوان گوایدۆی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمریکا پشتگیریدەکات رایگەیاند هەڵبژاردنەوەی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ئێستا کە روسیا پشتیوانی دەکات لەڕێگەی ساختەکارییەوە بوە هیچ شەرعیەتێکی نیە.

نیشانەکردن :

#ڤەنزوێلا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP