شاسوار عەبدولواحید: خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا

- 5/16/2019 12:14:00 PM 5470 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دەچێتە بەردەم دادگا وەک "چۆن پێشتر چومەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردۆتەوە".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چوینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردۆتەوە". 
ئەمەی ئێمە و هاوڕێکانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەکانمانە، نەک باجی هەڵە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەمەی ئێمە و هاوڕێکانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەکانمانە، نەک باجی هەڵە!!، زۆرێک هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئازادانە دەسورێنەوە لەم ولاتەدا".

شەوی رابردو خەندان بڵاویکردەوە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
بۆ ئێمەش ئاسان بوو توشی ئەمانە نەبوینایە، ئاسان بوو بێ هەڵوێست بوینایە

 

شاسوار عەبدولواحید نوسیویەتی، "بۆ ئێمەش ئاسان بوو توشی ئەمانە نەبوینایە، ئاسان بوو بێ هەڵوێست بوینایە، ئاسان بوو پشتمان بکردایەتە خەلکی خۆمان و سەرمان کز کردایە، بەڵام ئەمەیان ڕێگا راستەکەیە".
گۆڕانکاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت

 

رونیشیکردەوە، "گۆڕانکاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت، ئەوە دەیباتەوە کە باوەڕی بە خۆی وقەزیەکەی خۆی هەیە".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لە جاران بەهێزتر دەبین و کۆڵ نادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە چەند ساڵێکی ترە، نەک ئەم وێستگە کاتییە بچوکانەی ئێستا، چونکە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، راستی و خاوەن هەلوێستییە".

هەینی رابردو 10ی ئەم مانگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم دانپێدانانی پێنج دەستگیرکراوی نەوەی نوێی بڵاوکردەوە، كە لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستگیركرابون.

ئەو گەنجانە لە ژوری بەڕێوەبردنی پەیجی فەرمی و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن

 

ئەو گەنجانەی کە لە گرتە ڤیدیۆکە ئاسایشدا دەرکەوتن رایانگەیاند، لە ژوری بەڕێوەبەردنی پەیجی فەرمی و نا فەرمی نەوەی نوێ کاردەکەن، کە راستەوخۆ لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەوە بەڕێوەدەبرێت.

لە رێگەی ئەو پەیجانەوە هێرشیانکردوەتە سەر کەسایەتیە دیارەکان و بەرپرس و سەرۆکی حزبەکانی هەرێمی کوردستان

 

ئەو کەسانەی دانیاناوە بەوەی کە "لە رێگەی ئەو پەیجانەوە هێرشیانکردوەتە سەر کەسایەتیە دیارەکان و بەرپرس و سەرۆکی حزبەکانی هەرێمی کوردستان". 

بەڵام دواتر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دانپێدانانی ئەندامەكانی نەوەی نوێ لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە پلان بۆ داڕێژراو بوە و لە سیناریۆیەک زیاتر هیچی دیکە نییە". 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP