نەجەف؛ لە خۆپیشاندانەکاندا چوار کەس کوژران و 17 کەسی دیکەش برینداربون

- 5/16/2019 10:34:00 AM 2818 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوی نەجەف، چوار کەس کوژران و 17 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەران چونە سەر مۆڵێک.
ژمارەیەک هەواداری ناڕازی سەربە سەدر چونە سەر مۆڵێک لە شاری نەجەف

 

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، شەوی رابردو پاش ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد "دژی گەندەڵکاران" بوەستنەوە، ژمارەیەک هەواداری ناڕازی سەربە سەدر چونە سەر مۆڵێک لە شاری نەجەف و دواتر بەهۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزی پۆلیس و پاسەوانانی مۆڵەکە لانیکەم چوار کەس کوژران و حەڤدەکەسی دیکەش برینداربون.

روداوەکەی شەوی رابردو لە نەجەف لەمۆڵی بەشیر رویداوە دواتریش قوربانییەکانیش رەوانەکانی نەخۆشخانەکان کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

هاوکات، نەخۆشخانەی حەکیم لە شاری نەجەف لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردوە "بەهۆی پێکدادانەکانەوە چوار کوژراو و 17 بریندار گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە".
هێزە ئەمنییەکان توانیویانە پێنج کەس لە تەقەکەرانی نەجەف دەستگیر بکەن

 

دواتر دەزگای ئاسایشی عێراق بڵاویکردەوە، "هێزە ئەمنییەکان توانیویانە پێنج کەس لە تەقەکەرانی نەجەف دەستگیر بکەن، کە هەمویان پاسەوانی مۆڵەکەن".

هەر شەوی رابردو دەیان کەس، کە دەوترێت لایەنگری رەوتی سەدر بون، لە پارێزگاکانی واست و بابل و کەربەلا لە باشوری عێراق دژی ئەندامە دورخراوەکان لە رەوتی سەدر و لەبەردەم کۆمپانیای ئەو دورخراوانە خۆپیشاندانیان کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوشەممەی رابردو موقتەدا سەدر فەرمانی کرد، کە رەوتەکەی لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەبارەی ئەندامانی رەوتەکەی کە لە پرۆژە بازرگانییەکانی حکومەت کاردەکەن و رایگەیاند، "چیدیکە بەرگەی شێواندنی نێوبانگی باوکم لەلایەن ئێوە و لادانتان لە رێبازەکەی ناگرم".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP